ڕووسیا وردەکاریی بە ئامانجگرتنی شوێنی مانەوەی پوتن ئاشکرا دەکات

وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاند: لە شەوی 28ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، ڕژێمی کیێڤ هەوڵی هێرشێکی تیرۆریستی داوە بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر شوێنی مانەوەی پوتن.

چوارشەممە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2025، وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، نزیکەی کاتژمێر 8:19 خولەکی ئێواڕەی ڕۆژی 28ـی ئەم مانگە، ڕژێمی کیێڤ لە ڕێگەی بەکارهێنانی ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، کە لە هەردوو پارێزگای سوومی و تیشەرنیبۆغی ئۆکرانیا ئۆکرانیا هەڵدرابوون، خواستی ئەوەی هەبوو شوێنی مانەوەی سەرۆکی ڕووسیا بکاتا ئامانج.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، کیێڤ هەوڵی داوە لە یەک کاتدا و لە چەند ئاڕاستەیەکەوە ئەم هێرشە ئەنجام بدات، بەڵام فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە ئاسمانی پارێزگاکانی بریانسک، سمۆلینسک و نۆڤگۆڕۆدی ڕووسیا خرانە خوارەوە.

بەپێی وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا، لە هێرشەکەدا 91 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکار هێنراون.

وەزارەتەکە وردەکاریی خستنەخوارەوەی فڕۆکەکانیشی خستووەتە ڕوو، بە جۆرێک 49 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی پارێزگای بریانسک، یەک فڕۆکە لە پارێزگای سمۆلینسک و 41 فڕۆکەش لە ئاسمانی پارێزگای نۆڤگۆڕۆد خراونەتە خوارەوە.

لە کۆتاییدا وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا دووپاتی کردەوە، کە "سیستمەکانی جەنگی ئەلیکترۆنی بەکار هێنراون بۆ تێکشکاندنی ئەو هێرشە بەرفراوانە بۆ سەر خاکەکانی پارێزگاکانی بریانسک، سمۆلینسک و نۆڤگۆڕۆد."

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل