توێژینەوەیەک:بۆ ئەوەی لە پیریدا تەندروستبیت شەربەتی چەوەندەر بخۆ

توێژینەوەیەکی نوێی پزیشکی دەری دەخات، خواردنی ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە "نیتراتی سروشتی" و لەسەروو هەمووشیانەوە شەربەتی چەوەندەر، ڕۆڵێکی کاریگەر دەگێڕن لە بەهێزکردنی توانای جەستەیی و پاراستنی تەندروستیی مرۆڤ لە تەمەنی پیریدا.

توێژینەوەکە لەلایەن زانایانی زانکۆی "لۆدز"ی پزیشکی لە پۆڵەندا ئەنجامدراوە و تێیدا داتای دەیان لێکۆڵینەوەی پێشوو شیکراونەتەوە. ئەنجامەکان ئاماژە بەوە دەدەن؛ چەوەندەر دەبێتە هۆی زیادکردنی بەرگریی جەستە و باشترکردنی کارایی ماسولکەکان، هاوکات پرۆسەی چاکبوونەوەی جەستە دوای وەرزش خێرا دەکات، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی بە شێوەیەکی ڕێک وەرزش ناکەن.

نهێنییەکەی لە چییە؟
توێژەران ڕوونی دەکەنەوە، چەوەندەر بڕێکی زۆر "ئۆکسیدی نیتریت"ی تێدایە کە دەبێتە هۆی فراوانبوونی دەمارەکانی خوێن؛ ئەمەش وا دەکات خوێنی زیاتر بۆ ماسولکەکان بڕوات و پێویستیی شانەکان بە ئۆکسجین لە کاتی جوڵەدا کەم ببێتەوە. بەمەش مرۆڤ کەمتر هەست بە ماندوێتی دەکات و چالاکییە جەستەییەکانی باشتر دەبن، هەروەها شەربەتی چەوەندەر سوودێکی زۆری بۆ کەسانی بەتەمەن هەیە کە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنیان وزەی جەستەییان بەرەو کەمی دەچێت.

کاریگەری لەسەر مێشک
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی بۆ سەر مێشک، توێژینەوەکە دەڵێت: "هەندێک نیشانەی ئەرێنی وەک زیادبوونی سەرنج و خێرایی پەرچەکردار بینراوە، بەڵام هێشتا بەڵگەی تەواو بەردەست نین کە بیسەلمێنن کاریگەرییەکان لەسەر مێشک درێژخایەن بن". لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژە بەوە دراوە، باشبوونی سوڕی خوێن بە گشتیی، دەبێتە پاڵپشتییەک بۆ فرمانەکانی مێشک، بەتایبەت ئەگەر خواردنی تەندروست و وەرزش پێکەوە بن.

بژاردەیەکی بەردەست و سەلامەت
لە کۆتایی توێژینەوەکەدا، پزیشکان ئامۆژگاری دەدەن؛ شەربەتی چەوەندەر وەک بژاردەیەکی "سەلامەت و بەردەست" لە لیستی خۆراکی ڕۆژانەدا دابنرێت، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت لە تەمەنی پیریدا بە تەندروستییەکی باش و جەستەیەکی بەهێزەوە بمێننەوە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل