یونامی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی له عێراق ڕاگەیاند
تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، قۆناغێکی نوێی هاوبەشیی ستراتیژیی لەگەڵ حکوومەتی عێراق ڕاگەیاند. ئەم هەنگاوەش هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی)، کە تێیدا جەخت لەسەر بەردەوامیی کارەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە کراوەتەوە بەڵام بە میکانیزم و ئەولەویەتی جیاواز.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی کانوونی دووەمی 2026، تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕوونی کردووەتەوە، کە سەرەڕای کۆتاییهاتنی ئەرکی یونامی لە عێراق، بەڵام تیمی نهتهوه يهكگرتووهكان بە هاوبەشیی لەگەڵ حکوومەتی عێراق، بۆ کارکردن لەسەر ڕێککەوتنی پشتیوانیکردن لە گەشەپێدانی درێژخایەن، کە لە 25ـی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو واژۆکرا، بەردەوامە.
بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، ئەم گۆڕانکارییە بۆ بەرجەستەکردنی هەنگاوێکی کردەییە بەرەو گەشەپێدانێکی درێژخایەن و بەردەوام، کە تایبەتمەندییەکەی ئەوەیە لەلایەن سەرکردایەتیی نیشتمانیی عێراقەوە ڕابەرایەتی دەکرێت و پشت بە بەهێزکردنی دامەزراوەکان دەبەستێت.
نەتەوە یەکگرتووەکان لەم قۆناغە نوێیەدا کار لەسەر چەند سێکتەرێکی هەستیار دەکات، وەک هاوبەشێکی جێمتمانە بۆ حکوومەتی عێراق، لەوانە:
-هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی ئابووری.
-ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و ئیدارەدانی سەرچاوە ئاوییەکان.
-تۆکمەکردنی سیستەمی پاراستنی کۆمەڵایەتی.
-بەهێزکردنی حوکمڕانی و دۆزینەوەی چارەی بەردەوام بۆ کێشەکان.
نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ھاوکاریی عێراق، ناسراو بە "یونامی" (UNAMI)، ئەرکێکی سیاسیی نەتەوەیەکگرتووەکانە کە لە 14|ـی ئابی 2003 بە پێی بڕیاری ژمارە 1500ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و لەسەر داوای حکوومەتی عێراق دامەزرا. ئامانجی سەرەکیی یونامی پشتیوانیکردنی ھەوڵەکانی حکوومەت و گەلی عێراق بووە بۆ ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی وڵات.
کۆتاییهاتنی ئەرکی یونامی لە عێراق
لە مانگی ئایاری 2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان داوای کرد کە ئەرکی یونامی لە عێراق کۆتایی پێ بھێنرێت. حکوومەتی عێراق ھۆکاری ئەم داواکارییەی گەڕاندەوە بۆ ئەو "سەقامگیرییە سیاسی و ئەمنییەی" کە لە وڵاتدا بەدی ھاتووە و پێی وابوو چیتر پێویست بە مانەوەی ئەرکێکی سیاسی لەم شێوەیە ناکات.
لەسەر بنەمای ئەم داواکارییە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە 31ـی ئایاری 2024 بە کۆی دەنگ بڕیاری ژمارە 2732ـی پەسەند کرد، کە بە پێی ئەرکی یونامی بۆ ماوەی کۆتایی تا 31ـی کانوونی یەکەمی 2025 درێژکرایەوە و دوای ئەو ڕێکەوتە سەرجەم کار و چالاکییەکانی ڕادەگیرێت.