ئەمەریکا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات نەچنە ڕووسیا

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا

وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە نوێترین ڕێنماییی خۆیدا، هۆشداریی توندی لە ئاستی پلە 4 دایە هاووڵاتییانی خۆی و داوای لێکردن بەهۆی مەترسییەکانی جەنگ، بە هیچ شێوەیەک گەشت بۆ ڕووسیا نەکەن.

 واشنتن جەخت دەکاتەوە، ئەو ئەمەریکییانەی ئێستا لەو وڵاتەن، پێویستە دەستبەجێ خاکەکەی جێبهێڵن، چونکە توانای باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بۆ پێشکەشکردنی هاوکاریی کونسوڵگەری زۆر سنووردارە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، دەسەڵاتدارانی ڕووسیا بەردەوامن لەوەی بە هەڕەمەکیی هاووڵاتییانی بیانی لە وڵاتەکەی بهێڵێتەوە و وەک کارتی فشار بەکاریان بهێنێت،مەترسیی توند لەسەر ئەو کەسانە هەیە کە خاوەنی هەردوو ڕەگەزنامەی (ئەمەریکی-ڕووسی)ین، چونکە مۆسکۆ دانیان پێدا نانێت و ئەگەری هەیە بە زۆر ناچاریان بکات خزمەتی سەربازیان پێبکات لە جەنگی ئۆکرانیادا، جگە لەوەش، هۆشداری دراوە لەوەی تەواوی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لەژێر چاودێریی وردی دەزگا ئەمنییەکاندان و ئەگەری هەیە لەسەر بڵاوکراوەکانی سۆشیاڵ میدیا یان چالاکیی ئایینی، هاووڵاتییان ڕووبەڕووی لێپێچینەوە ببنەوە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، مەترسیی هێرشی تێرۆریستی لە شارە گەورەکانی وەک مۆسکۆ و سانت پترسبۆرگ و ناوچە سنوورییەکان هەیە، لەشێوەی هێرشەکەی هۆڵی (کرۆکوس) لە ساڵی 2024 کە بووە هۆی کوژرانی 130 کەس، لەگەڵ ئەوەشدا جەنگ لەگەڵ ئۆکرانیا بووەتە هۆی تێکچوونی سەقامگیری لە باشووری ڕۆژاوای ڕووسیا و سەپاندنی حوکمی عورفی لە چەندین ناوچەی سنووری کە دەسەڵات دەداتە بەرپرسان بۆ دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵ و سنووردارکردنی هاتووچۆ.
لە ڕووی گەشتکردنەوە، ئاستی سەلامەتیی فڕۆکەوانیی ڕووسیا بۆ پلەی 2 دابەزیوە و زۆربەی کارتە بانکییەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتە کار ناکەن، ئەمەش گواستنەوەی پارە و دابینکردنی بژێوی بۆ گەشتیاران ئەستەم کردووە، هەروەها یاساکانی ڕووسیا لە دژی گروپە نەیارەکان و کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینەیی توندتر کراونەتەوە، تەنیا هەڵگرتنی هێمایەک یان دەربڕینی ڕایەکی جیاواز، دەبێتە هۆی زیندانیکردن بۆ ماوەی 15 ڕۆژ و پاشان دیپۆرتکردنەوە.
ئەم هۆشدارییە توندەی ئەمەریکا لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتن دوای دەستپێکردنی هێرشی سەربازیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی 2022، گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی لە مێژوودا،  لەو کاتەوە تا ئێستا، ڕووسیا چەندین جار هاووڵاتییانی ئەمەریکی بە تۆمەتی جۆراوجۆر دەستگیرکردووە، ئەمەش وای کردووە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕووسیا بخاتە لیستی ئەو وڵاتانەی کە گەشتکردن بۆیان مەترسیی ڕاستەقینە لەسەر ژیانی مرۆڤ دروست دەکات.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل