نرخی نەوت ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکات
بازاڕەکانی نەوت یەکەمین مامەڵەکانی ساڵی 2026ـیان بە بەرزبوونەوەیەکی سنووردار دەستپێکرد، ئەمەش دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو گەورەترین دابەزینی ساڵانەیان لە دوای ساڵی 2020ـەوە تۆمارکرد، هۆکاری سەرەکیی ناجێگیرییەکەش بۆ هێرشی درۆنەکانی ئۆکراینا بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ڕووسیا و گەمارۆکانی ئەمەریکا بۆ سەر هەناردەی نەوتی ڤەنزوێلا دەگەڕێتەوە.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 2ی کانوونی دووەمی 2026، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە گرێبەستە ئایندەییەکاندا بۆ 60.99 دۆلار بەرزبووەوە، هەروەها نەوتی خاوی تێکساسی ئەمەریکی (WTI) بە بڕی 14 سەنت نرخەکەی بەرزبوویەوە و گەیشتە 57.56 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
لەڕووی سیاسی و مەیدانیشەوە، ڕووسیا و ئۆکراینا لە یەکەم ڕۆژەکانی ساڵی نوێدا یەکتریان بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر هاووڵاتییانی مەدەنی تۆمەتبار کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا گفتوگۆی چڕی بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە دەستپێکردووە کە ماوەی چوار ساڵە بەردەوامە.
هاوکات، واشنتن وەک فشارێک بۆ سەر حکوومەتەکەی نیکۆلاس مادۆرۆ، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو سزای بەسەر چوار کۆمپانیا و چەند کەشتییەکی نەوتهەڵگردا سەپاند کە لە کەرتی نەوتی ڤەنزوێلا کاردەکەن.
ئامانجی گەمارۆکانی ئەمەریکا پەکخستنی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتەیە، کە وایکردووە کۆمپانیا نەوتییە حکوومییەکانی ڤەنزوێلا پەنا بۆ ڕێگەی نائاسایی بەرن بۆ ڕێگریکردن لە پەککەوتنی پاڵاوگەکانیان.
لە ڕووی ئامارییەوە، لە ساڵی 2025دا هەردوو جۆرە نەوتە پێوانەییەکە (برێنت و تێکساس) نزیکەی 20%ی نرخەکانیان لەدەستدا، کە بە بەرزترین ڕیژەی دابەزین دادەندرێت لە ساڵی 2020ـەوە. هۆکاری ئەمەش بۆ ترس لە زیادبوونی خستنەڕوو و کاریگەریی باجە گومرگییەکان دەگەڕێتەوە. جێی ئاماژەیە، ئەمە سێیەم ساڵ بوو لەسەریەک نەوتی برێنت زیان تۆمار بکات و بە درێژترین ماوەی دابەزین لە مێژووی ئەو جۆرە نەوتەدا هەژمار دەکرێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی زانیاری وزەی ئەمەریکا، بەرهەمهێنانی نەوت لەو وڵاتە لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوو گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی و ڕۆژانە 13.87 ملیۆن بەرمیل بەرهەم هێنراوە. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە کۆگاکانی نەوتی خاو کەمیان کردووە، بەڵام بەهۆی زیادبوونی چالاکیی پاڵاوگەکان، کۆگاکانی بەنزین و بەرهەمە نەوتییەکانی دیکە زیادیان کردووە.
