نیکۆلاس مادۆرۆ: ئەمەریکا چی دەوێت ئێمە ئامادەین
سەرۆکی ڤەنزوێلا، ڕایگەیاند، ئامادەین بۆ گفتوگۆ و ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا لە بارەی ڕێککەوتنی دژە بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، هاوکات ئەگەر ئەمەریکا نەوتی دەوێت پێی دەدەین.
هەینی 2ـی کانوونی دووەمی 2025، نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆکی ڤەنزوێلا، ڕایگەیاند، ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن لە سەر ڕێککەوتنی دژە بازرگانیکردن بە ماددد هۆشبەرەکان، ئاماژەی بەوەشکردووە، لە بارەی نەوت و ڕێککەوتنە ئابوورییەکانی نێوانیان دەیانەوێت ئەو لەگەڵ واشنتن بگەن بە ڕێککەوتن بۆ کۆتایی هێنان بەو وەیرانەی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمەریکادا تێیکەوتووە.
جەختی لەوەشکردووەتەوە، ئەمەریکا لە بارەی ئەم قسانەوە دەزانێت و ئاگاداری ئەوەن کە ئێمە دەمانەوێت ڕێکبەکەوین، چەند جارێکیش ئەم پرسەمان لەگەڵ ڕاوێژکار و نوێنەرەکانی ئەمەریکا باسکردووە، ئەگەر واشنتن دەیەوێت لەگەڵ ڤەنزوێلا ڕێکبەکەوێت ئێمە ئامادەین.
مادۆرۆ لە بارەی نەوتی وڵاتەکەی گوتویەتی،"ئەگەر ئەوان نەوتیان لە ڤەنزوێلا بوێت، ڤەنزوێلا ئامادەیە بۆ کارکردن لەگەڵ وەبەرهێنەرە ئەمەریکییەکان، وەک ئەوەی لەگەڵ کۆمپانیای "شۆڤرۆندا" هەیە، ئێمە ئامادەین هەرکاتێک و لە هەر شوێنێک و بە هەر شێوەیەک بێت کە ئەوان بیانەوێت".
قسەکانی نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆکی ڤەنزوێلا لە کاتێکدایە وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمەریکا بە وەیرانێکی سەختدا تێدەپەڕێت، پەیوەندییە ئابووری و دیپلۆماسییەکانی نێوانیان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو ئاڵۆزی زیاتر هەنگاو دەنێت، هاوکات لە ڕووی سەربازیشەوە ئەمەریکا فشارێکی زۆری خستووەتە سەر ڤەنزوێلا و بەوە تۆمەتباری دەکات کە حکوومەتی ڤەنزوێلا لە کارتێلەکانی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان کاردەکات و ئاسانکاری دەکات بۆ گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر لە ڤەنزوێلاوە بۆ ئەمەریکا.
دوایین بڕیاری حکوومەتی ئەمەریکا لە بارەی ئەو دۆخەی لەگەڵ ڤەنزوێلادا هاتوەتە ئاراوە سەۆاندنی چەند سزایەکی توند بوو بە سەر ئەو وڵاتە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی بۆ سەر حکوومەتی کاراکاس، زنجیرەیەک سزای نوێی ڕاگەیاند؛ تێیدا چوار کۆمپانیای گواستنەوە و چوار کەشتیی نەوتهەڵگری کردووەتە ئامانج.
سزاکانی واشنتن تەنیا لە ئاستی کەسایەتییەکاندا نەمیناوەتەوە، بەڵکو بە شێوەیەکی ستراتیژی کەرتی وزەی ڤەنزوێلای کردووەتە ئامانج. بە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەشەکی بەسەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکاندا، ئەمەریکا هەوڵ دەدات سەرچاوەکانی داهاتی وزەی ئەو وڵاتە وشک بکات، تا ڕێگری بکات لە بەکارهێنانی ئەو داهاتانە بۆ پشتگیریکردنی چالاکییەکانی حکوومەت.
پەرەسەندنی ئەم گرژییانە کاریگەریی کردووەتە سەر وڵاتانی دراوسێش؛ بۆ نموونە دەوڵەتی "ترینیداد و تۆباگۆ" ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانی لۆجستی و کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی بەڕووی هێزەکانی ئەمەریکادا، ئەمەش ململانێی نێوان واشنتن و کاراکاسی بردووەتە قۆناغێکی نوێی ناوچەییەوە.
لەلایەکی دیکەوە، حکوومەتی ڤەنزوێلا ئەم ڕێوشوێنانەی سەرکۆنە کرد و ڕایگەیاند؛ ئەمە "هێرشێکی بە ئەنقەستە بۆ سەر سەروەریی وڵاتەکەیان".
لەم مانگەدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا فەرمانی گەمارۆدانی هەموو ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرانەی دەرکرد، مامەڵە لەگەڵ ڤەنزوێلا دەکەن. لەو چوارچێوەیەشدا، هێزەکانی ئەمەریکا لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا و لە نزیک کەناراوەکانی ڤەنزوێلا، ڕێگرییان لە چەندین کەشتی کردووە؛ گومانی گواستنەوەی نەوتیان لێ دەکرێت.
ئەم هەنگاوە نوێیەی واشنتن دوای ئەوە دێت لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا، گەنجینەی ئەمەریکا سزای بەسەر حەوت کەسایەتیی نزیک لە نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوسەرەکەیدا سەپاندبوو. ئەمەریکا ئامانجیەتی لە ڕێگەی ئەم سزایانەوە فشارەکان بۆ سەر ئەو دەسەڵاتە زیاد بکات کە واشنتن بە ڕژێمێکی ناپاک و تێوەگلاو لە بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان و سپیکردنەوەی پارە وەسفی دەکات.
