کەشناسی: لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و سۆران باران بەردەوام دەبێت
بەپێی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی، شەپۆلی بەفربارین و بارانی ئێستا کە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، ئەمشەو هەینی 2ـی کانوونی دووەمی 2026 کۆتایی دێت، چاوەڕوان دەکرێت لە دوو ڕۆژی داهاتوودا پلەکانی گەرما نزم ببنەوە و لە بەیانیانی زوودا تەم و مژ دروست ببێت.
بۆ ئەمڕۆ هەینی، 2ـی کانوونی دووەمی 2026، ئاسمان هەور دەبێت، بارانی مامناوەند لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، لەگەڵ ئیدارەکانی ڕاپەڕین و سۆران بەردەوام دەبێت.
لە ناوچەکانی دیکەی هەرێم باران بە شێوەی پچڕپچڕ دەبێت و لە ناوچە سنوورییەکانیش بەفربارین بەردەوام دەبێت.
پلەکانی گەرما بە 1 تا 2 پلە نزمتر دەبن لە چاو دوێنێ، هەروەها خێرایی با لە نێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت، لە کاتەکانی شەودا بارودۆخی کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە و کۆتایی بە شەپۆلی دابارین دێت.
بۆ سبەینێ شەممە، 3ـی کانوونی دووەمی 2026، ئاسمان بەرەو نیمچە هەور و پەڵە هەور دەچێت، لە کاتەکانی بەیانی زوودا ئەگەری دروستبوونی تەم لە هەندێک ناوچە هەیە کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی مەودای بینین، پلەکانی گەرما هاوشێوەی پلەکانی ئەمڕۆ جێگیر دەبن و خێرایی با کەمدەبێتەوە بۆ 5 بۆ 15 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ شارەکان بەم شێوەیە دەبێت:
هەولێر: 9 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 8 پلەی سیلیزی
دهۆک: 9 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 8 پلەی سیلیزی
کەرکوک: 10 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 8 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 12 پلەی سیلیزی
هەرێمی کوردستان لە ئێستادا لە لوتکەی وەرزی زستاندایە و تێپەڕبوونی ئەم شەپۆلانە بەشێکە لە سروشتی کەشوهەوای ناوچەکە لە مانگی کانوونی دووەمد، ئەم بارانبارینە لە کاتێکدایە کە ناوچە شاخاوییەکان ڕێژەیەکی زۆر بەفریان لێ باریوە، ئەمەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر ئاستی ئاوی ژێرزەوی و سێکتەری کشتوکاڵ دەبێت بۆ ساڵی نوێ، بەڵام هاوکات نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفری سیلیزی لە هەندێک شوێن، مەترسی دروستبوونی بەستەڵەک لەسەر ڕێگاکان زیاد دەکات.
