بەشێک لە چیای هەیبەت سوڵتان داڕماوە و نزیکەی هەفتەیەکە ڕێگاکە داخراوە
بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوە و چاکردنەوەی ڕێگاوبانی کۆیە، دوای نزیکەی هەفتەیەک لە داڕمانی بەشێک لە چیای هەیبەت سوڵتان و داخرانی ڕێگاکە، ئەمڕۆ ڕێگاکە بە ڕووی شۆفێراندا دەکرێتەوە.
هەینی 2ـی کانوونی دووەمی 2026، ئاراس ئەمین پەیامنێری کوردستان24 لە کۆیە، ڕایگەیاند، ماوەی نزیکەی هەفتەیەکە بە هۆکاری بارینی بەفروباران، بەشێک لە چیای هەیبەت سوڵتان کە دەکەوێتە شاری کۆیە داڕماوە، بە هۆیەوە بە تەواوەتی هاوتوچۆکردنی شۆفێران بەو ڕێگەیەدا وەستاوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی شارەوانی و لایەنە پەیوەندارەکان ماوەی شەش ڕۆژە بەردەوامن لە کارکردن بۆ چاکرکردن و خاوێن کردنەوەی ڕیگاکە، بەڵام بەهۆی گەورەیی قەبارەی داڕمانەکە کە نزیکەی 1500 مەتر چوارگۆشە دەبێت نەتوانراوە تاوکو ئێستا ڕێگاکە بە ڕووی شۆفێراندا بکرێتەوە.
لەمبارەیەوە ئەندازیار کۆسار حەمەساڵەح، بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوە و چاکردنەوەی ڕێگاوبانی کۆیە، تایبەت بۆ کوردستان24، گوتی،"هەرس هێنانی ئەمجارەی چیای هەیبەت سوڵتان لە مێژوودا هاوشێوەی نەبووە، ئەمجارە قەبارەی داڕمانەکە زۆر گەورە بوو، بۆیە لە توانای ئەو ئامێرانەدا نەبووە کە لەو سنوورە بەردەستن بۆ چاککردنەوە و خاوێن کردنەوەی ڕێگاکە.
ئاماژەی بەوەشکرد،"ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لەسەر داوای قایمقامی کۆیە ئامێر و تیمی تایبەتی ڕەوانەی کۆیە کردووە و سەرقاڵی چاککردنەوە و پاککردنەوەی ڕێگاکەن، جەختی لەوەکردەوە، دوای نزیکەی هەفتەیەک لە داخرانی ڕێگای هەیبەت سوڵتان، لە سبەینێ ڕۆژی شەممەوە شۆفێران دەتوانن بەو ڕیگایەدا هاتوچۆ بکەن.
لە بارەی ڕیگای جێگرەوە و چارەسەری کۆتایی بۆ دووبارە نەبوونەوەی ڕووداوی لەمجۆرە کۆسار حەمەساڵەح، گوتی،"یەکێک لە چارەسەرەکان دروستکردنی تونێلە یاخود تەواوکردنی ڕێگای "میر سەیدە" کە لە بەداوی حەمامۆکەوە بۆسەر بەنداوی سماقوڵی درێژ دەبێتەوە، ئەو ڕێگایە جگە لە کەمکردنەوەی مەترسی ڕوودای هاوتۆچۆ و داڕمان، هاوکات بۆ لایەنی گەشتیاریش گرنگە، چونکە شۆفێران و هاووڵاتییان دەتوانن بە نزیکەی 10 خولەک لە بەنداوی حەمامۆکی شاری کۆیەوە بگەنە بەنداوی سماقوڵی".
