سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ شاندی دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کۆبووهوه
K24- ههولێر:
ئەمڕۆ شەممە 2020/12/5 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ شاندی دانوستانکاری هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی دانوستان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم تاووتوێ کرا. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ستایشی هەوڵ و کۆششەکانی شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستانی کرد، بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لە گەڵ بەغدا و دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هیچ شێوەیەك سازش لە ماف و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێم ناکات و چاوەڕێی گەیشتنی بەشە بودجەی هەرێمە بۆ مانگی ئۆکتۆبەر لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، کە تا ئێستا نەنێردراوە. ئەمە جیا لە مانگەکانی پێنج و شەش وحەفتی ئەمساڵ، کە ماف و شایستەیەکی رەوای خەڵکی کوردستانە و حکومەتی فیدراڵی تا ئێستا نەیناردووە.
سەبارەت بە رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2021، لەیەکگەیشتنی باش لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی هاتووەتە ئاراوە، بەڵام گفتوگۆکان بەردەوامن بە ئاراستەی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لە چوارچێوەی ئەو پرهنسیپانەی کە لەسەری رێککەوتووین.
H.B