زانکۆی کۆیە وادەی دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکان دەگۆڕێت
زانکۆی کۆیە، بە هۆی نالەباریی کەش و هەوا و دروستبوونی ئاستەنگی هاتوچۆ، بڕیاری دا بە؛ دواخستنی تاقیکردنەوەکان لە ڕۆژی یەکشەممەوە بۆ ڕۆژی سێشەممە، هاوکات جەختی لە دەوامی ئاسایی زانکۆکە کردەوە.
هەینی، 2ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەنجوومەنی زانکۆی کۆیە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاگاداری قوتابییانی کردەوە، کە بە هۆی نالەباریی کەش و هەوا، بۆ ئەوەی هیچ قوتابییەک بە هۆی ئاستەنگی هاتوچۆوە لە تاقیکردنەوەکانی کۆتایی سمیستەری یەکەم بێبەش نەبێت، بڕیار درا بە هەموارکردنەوەی خشتەی تاقیکردنەوەکان.
بە گوێرەی بڕیارەکە، تەنیا ئەو تاقیکردنەوانەی کە بڕیار بوو ڕۆژی یەکشەممە 4ـی کانوونی دووەم ئەنجام بدرێن، دوا دەخرێن بۆ ڕۆژی سێشەممە 6ـی کانوونی دووەمی 2026، بە هەمان ئەو خشتە و کاتەی کە پێشتر دیاری کرابوو.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا، ئەنجوومەنی زانکۆ ڕوونی کردووەتەوە، کە بڕیاری دواخستنەکە تەنیا تاقیکردنەوەکان دەگرێتەوە، بەڵام دەوامی فەرمیی زانکۆ لە ڕۆژی یەکشەممەدا ئاسایی دەبێت و بەردەوام دەبێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، چەند ڕۆژێکە شەپۆلێکی چڕی بەفر و بارانبارین، زۆربەی پارێزگا، شار، قەزا و گوندەکانی کوردستانی گرتووەوە و کاریگەرییەکی زیاتر لەسەر ناوچە شاخەوییەکان بووە.
لە بەشێک لە ناوچەکان بەهۆی بەفربارینەوە ئاستەنگی هاتوچۆ دروستبووە و، تیمەکانی بەرگری شارستانییش بەردەوام هۆشدارییان بە هاووڵاتییان و شۆفێران داوە، کە بەشێک لە ڕێگەکان بەکار نەهێنن، چونکە بە هۆی دروستبوونی شەختەوە ڕەنگە هاووڵاتییان و شۆفێران تووشی ڕووداوی نەخوازراو بن.
