قوربانییانی ڕووداوەکەی سویسرا گەیشتە 159 کەس

فەرماندەی پۆلیسی کانتۆنی ڤالیس لە سویسرا ڕایانگەیاند، ناسنامەی زۆربەی ئەو کەسانەیان ئاشکرا کردووە کە لە ئاهەنگی سەری ساڵدا بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە یانەیەکدا بریندار بوون، هاوکات بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە دەیان کەس ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی دیکەی ئەورووپا دەکرێن؛ هاوکات ئاماژەشی دا، ژمارەی قوربانییان گەیشتووەتە 159 کەس.

فێردێریک گیسلەر، فەرماندەی پۆلیسی کانتۆنی ڤالیس، ئەمڕۆ هەینی 2ـی کانوونی دووەمی 2026، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، لە کۆی 119 کەس کە لە ڕووداوەکەی شەوی سەری ساڵدا بریندار بوون، توانراوە ناسنامەی 113 کەسیان دیاری بکرێت.

ئاماژەی بەوەش دا، ژمارەیەکی زۆر لە بریندارەکان هاووڵاتیی بیانیین، لە وانە 14 فەرەنسی، 11 ئیتاڵی و چوار سڕبی لەنێو لیستەکەدا هەن.

لای خۆیانەوە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە ئاشکرایان کردووە، نزیکەی 50 کەس لە بریندارەکان بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پێشکەوتوو، ڕەوانەی نەخۆشخانە تایبەتەکانی چارەسەری سووتاوی لە وڵاتانی دیکەی ئەورووپا کراون یان لە پرۆسەی گواستنەوەدان.

دوێنێ پێنجشەممە، 1ـی کانوونی دووەمی 2026، لە یانەیەکی شەوانەدا لە کاتی ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێوە ئاگرێک کەوتەوە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی 40 کەس.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل