سەرۆکی ئەنجوومەنی ئینتیقالی: هەر هێرشێکمان بکرێتە سەر، دەستبەجێ سەربەخۆیی ڕادەگەیەنین
ئەنجوومەنی ئینتیقالیی باشوور کە لەلایەن ئیماراتەوە پشتیوانی دەکرێت، دەستپێکردنی قۆناغێکی گواستنەوەی دوو ساڵەی ڕاگەیاند بەمەبەستی جیابوونەوە و دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە باشووری یەمەن، هاوکات سەرۆکی ئەنجوومەنەکە هۆشداری دەدات ئەگەر هێرشیان بکرێتەسەر، دەستبەجێ جیابوونەوەکە ڕادەگەیەنن.
هەینی 2ـی کانوونی دووەمی 2026، عەیدەرووس زوبەیدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئینتیقالی (STC) لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند: دەستپێکردنی قۆناغی گواستنەوە بۆ ماوەی دوو ساڵ ڕادەگەیەنین. داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە سەرپەرشتی و چاودێریی گفتوگۆی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی باشوور و باکووری یەمەن بکەن.
بەگوێرەی لێدوانەکانی سەرۆکی ئەنجوومەنی ئینتیقالی، لەم ماوەیەدا کار بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ و سازدانی ڕاپرسی ڕیفراندۆم لەسەر سەربەخۆیی دەکرێت.
زوبەیدی هۆشداریشی دا کە ئەگەر گوێ لە داواکارییەکانیان نەگیرێت یان دووبارە ڕووبەڕووی هێرشی سەربازی ببنەوە، ئەوا چاوەڕێی وادەکە ناکەن و دەستبەجێ و ڕاستەوخۆ سەربەخۆیی ڕادەگەیەنن. ئەم قسانەش دوای ئەوە دێت کە هەر ئەمڕۆ هەینی هێزەکانیان لەلایەن هاوپەیمانیی بە سەرۆکایەتیی سعوودیە بۆرد و مان کران.
ئەم هەنگاوەی جوداخوازەکان دوای ئەوە دێت مانگی ڕابردوو لە هێرشێکی خێرادا دەستیان بەسەر ناوچەیەکی بەرفراوانی باشووری یەمەندا گرت، لە کاتێکدا باکووری وڵاتەکەش لە ساڵی 2014ەوە لەژێر کۆنترۆڵی حووسییەکان دایە.