وەزیری دادی ئەمەریکا: مادۆرۆ و هاوسەرەکەی توندترین سزا دەدرێن

پامیلا بۆندی، وەزیری دادی ئەمەریکا
پامیلا بۆندی، وەزیری دادی ئەمەریکا

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند: نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی دەستگیرکراوی ڤەنزوێلا و هاوسەرەکەی، بەهۆی تێوەگڵانیان لە دۆسیەکانی تیرۆر و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە، ڕووبەڕووی توندترین سزای یاسایی لە ناوخۆی ئەمەریکا دەبنەوە.

پامیلا بۆندی، وەزیری دادی ئەمەریکا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، مادۆرۆ و هاوسەرەکەی بەم زووانە لەسەر خاکی ئەمەریکا و لەبەردەم دادگا فیدراڵییەکاندا ئامادە دەبن بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی دادپەروەریی ئەمریکا ببنەوە.

 وەزیری دادی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم دوو هاوسەرە لە دادگای فیدراڵیی نیویۆرک تۆمەتبارکراون بە پیلانگێڕی لە چوارچێوەی تیرۆری پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان و هەوڵدان بۆ هاوردەکردنی بڕێکی زۆری کۆکایین بۆ ناو خاکی ئەمەریکا.

ئەم پێشهاتە یاساییە دوای ئەوە دێت کە واشنتن بۆ ماوەیەکی درێژ مادۆرۆ و بەرپرسانی باڵای حکوومەتەکەی بەوە تۆمەتبار دەکرد کە دەزگاکانی دەوڵەتیان بۆ بەرژەوەندیی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان بەکارهێناوە.

وەزیری داد جەختی کردووەتەوە، هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە و پرۆسەی دادگاییکردنەکە بە شێوەیەکی زۆر توند و شەفاف بەڕێوەدەچێت.
نیکۆلاس مادۆرۆ بۆ ماوەی چەندین ساڵ نەیارێکی سەرسەختی واشنتن بووە و ئەمەریکا بەردەوام حکوومەتەکەی بە نایاسایی و دیکتاتۆر وەسف کردووە.

 لە ساڵانی ڕابردوودا، وەزارەتی دادی ئەمەریکا پاداشتێکی 15 ملیۆن دۆلاری بۆ دەستگیرکردنی مادۆرۆ تەرخان کردبوو، بەو تۆمەتەی کە ڤەنزوێلای کردووەتە مەڵبەندێکی سەرەکی بۆ گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان بەرەو ئەمریکای باکوور. دەستگیرکردنی مادۆرۆ و ڕەوانەکردنی بۆ ئەمەریکا لە سەرەتای ساڵی 2026دا، بە یەکێک لە گەورەترین دەستکەوتەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ترەمپ دادەنرێت و گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە هاوکێشە سیاسییەکانی ئەمەریکای لاتیندا دروست دەکات.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل