پەروەردەی سۆران لە چەند ناوچەیەک پشووی فەرمی ڕاگەیاند

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سۆران، ڕایگەیاند، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە، پشوو بۆ گشت قوتابخانەکانی سنووری قەزای سیدەکان و هەروەها دۆڵی ئاڵانە، دۆڵی بیاو سەرچیا و دۆڵی مەلەکان لە قەزای خەلیفان ڕادەگەینرێت.

شەممە 3ـی کانوونی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سۆران، ڕایگەیاند، بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سۆران، بە تایبەتی لە قەزاکانی سیدەکان و خەلیفان، و دوای ڕاوێژکردنی پێویست لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سۆران و قایمقامە بەڕێزەکانی هەردوو قەزا، بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و دڵنیابوون لە سەلامەتی گیانی مامۆستا، فەرمانبەر و قوتابییانی خۆشەویست، ئەم بڕیارە دراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری پەروەردە، دەسەڵات دراوەتە بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکانی سنووری ئیدارەی سۆران کە بە ڕاوێژ لەگەڵ قایمقامەکان، بڕیار لەسەر پشوو بدەن، هەروەها بڕیاری پشوو بەپێی شوێنی جوگرافی، ڕەوشی کەشوهەوا و ئەگەری دروستبوونی شەختە لە هەر ناوچەیەکدا دەبێت.

لە بارەی هاتوچۆکردنی مامۆستایان و قوتابییانی ناوچەکە، ئەوانەی لە جێگایەکەوە بۆ جێگایەکی دیکە هاتوچۆ دەکەن، پەروەدەی سۆران ئاماژەی بەوەداوە، ئەو مامۆستا و قوتابییانەی نیشتەجێی قەزایەکن و لە قەزایەکی دیکە دەوام دەکەن، ئەگەر بەهۆی ڕەوشی کەشوهەواوە ئاستەنگی هاتوچۆیان بۆ دروست بوو، دەتوانن دەوام نەکەن.

لە کۆتایی ڕایەگەندراوەکەدا هاتووە، ئەم پشووە تەنها بۆ ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی 4/1/2026دەبێت، و سەبارەت بە ڕۆژانی دواتر بڕیاری نوێ لە کاتی خۆیدا ڕادەگەینرێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل