ئیدارەی ترەمپ بەبێ ئاگاداری پێشوەختەی کۆنگرێس مادۆرۆی دەستگیر کردووە
سەرچاوەیەکی ئەمریکی ئاشکرای کرد، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە کاتی بۆردومانکردنی ڤەنزوێلا و دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ و هاوسەرەکەی، چاوپۆشیی لە کۆنگرێس کردووە و تەنیا دوای کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەکە و گواستنەوەی دەستگیرکراوەکان بۆ دەرەوەی وڵات، لایەنە پەیوەندیدارەکانی لەو وڵاتە ئاگادار کردووەتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی تۆڕی سی ئێن ئێن، ئیدارەی ترەمپ ئەو کاتە دەستی کردووە بە ئاگادارکردنەوەی سەرکردایەتی کۆنگرێس و لیژنە سەرەکییەکان کە ئۆپەراسیۆنەکە تەواو ببوو.
کۆشکی سپی بۆ پاساو هێنانەوە ئەم ئۆپەراسیۆنە، پشتی بە دەسەڵاتەکانی سەرۆک لە ماددەی 2ی دەستووری ئەمەریکا بەستووە کە دۆناڵد ترەمپ وەک فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکان دەناسێنێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی پێشوودا، ئیدارەکان پێشوەختە کۆنگرێسیان لە کارە هاوشێوەکان ئاگادار دەکردەوە.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە پەیوەندییەکدا بە سیناتۆر مایک لی ڕاگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنەکە بە مەبەستی پاراستنی ئەو کارمەندە ئەمەریکییانە بووە کە هەوڵی دەستگیرکردنی مادۆرۆیان دەدا و هەنگاوەکە بە یاسایی دادەنێت، بەڵام ئەم بڕیارە کاردانەوەی توندی لێکەوتووەتەوە، ڕووبن گالیگۆ، سیناتۆری دیموکرات، هێرشەکانی بە نایاسایی وەسف کردووە و چواندوویەتی بە جەنگی عێراق وەک جەنگێکی بێ پاساو.
هاوکات مایک لی، سیناتۆری کۆماریش، گومانی دەستووریی خۆی لەسەر بەکارهێنانی هێزی سەربازی دەربڕیوە لە نەبوونی ڕاگەیاندنی فەرمی جەنگ یان مۆڵەتی کۆنگرێسدا.
ململانێی نێوان کۆشکی سپی و کۆنگرێس لەسەر ڕاگەیاندنی جەنگ مێژوویەکی دێرینی هەیە، بەپێی دەستوور، کۆنگرێس دەسەڵاتی ڕاگەیاندنی جەنگی هەیە، بەڵام زۆرێک لە سەرۆکەکانی ئەمەریکا لە ڕێگەی ماددەی 2ی دەستوورەوە هەوڵیان داوە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دەرەوەی وڵات ئەنجام بدەن بەبێ گەڕانەوە بۆ یاسادانەران، ئەم ئاڵۆزییە لە ساڵی 2026دا و لە دۆسیەی ڤەنزوێلادا جارێکی دیکە سەری هەڵدایەوە، بەتایبەت کە پێشتر سوزی وایڵز، سەرۆکی کارمەندانی کۆشکی سپی، ئاماژەی بەوە کردبوو کە هێرشی لەو شێوەیە پێویستی بە ڕەزامەندی کۆنگرێسە، بەڵام لە کرداردا ئیدارەی ترەمپ بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەوان بڕیارەکەی جێبەجێ کرد.
