نەتەوە یەکگرتووەکان: کەرتی غەززە تووشی کارەساتی گەورەی مرۆیی دەبێتەوە
گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە دانیشتووانی غەززە، واتە نزیکەی نیوەی کۆی گشتی دانیشتووانی ناوچەکە پێویستییان بە هاوکاری مرۆیی بە پەلە هەیە.
شەممە 3ـی کانوونی دووەمی 2026، ستیڤان دوجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس، بەردەوام هاوکاریی مرۆیی بۆ خەڵکی غەززە دابینکراوە، بەڵام نزیکەی نیوەی دانیشتووانی کەرتی غەززە هێشتا پێویستییان بە هاوکاری زیاتر هەیە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، نوسینەگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هامەهەنگی لەگەڵ ئەو ڕێکخراوانەی لە کاروباری مرۆیی لە کەرتی غەززە کاردەکەن بەردەوامە لە دابینکردنی پێداویستی بۆ دانیشتووانی ناوچەکە، بەڵام بە هۆی سەختی زستان و زۆری بارینی بەفروباران، هەزاران خێزانی فەڵەستینی کە لە ژێر چادر و خێوەتدا دەژین بارودۆخیان نالەبارە و تووشی گرفتی ژینگەیی بونەتەوە، بۆیە ئەگەر بەپەلە هاوکارییان پێنەگات بێگومان تووشی کارەساتی مرۆیی گەورە دەبنەوە.
جەختی لەوەشکردووەتەوە، لەلایەکی دیکەوە هاوبەشەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە کەرتی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و پاکوخاوێنی کاردەکەن، بەهۆکاری بوونی زۆری پاشماوەکانی شەڕ بە تایبەتی داروپەردووی بینا و باڵەخانەکان، ڕووبەڕووی چەندین کێشە بوونەتەوە کە ڕاپەڕاندی کارەکانیانی لاواز کردووە.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکردووە، سەڕای ئاستەنگەکان تیمەکانی "یونیسێف" لە دوای ئاگربەستەوە ڕۆژانە هەزاران تۆن پاشماوەی ڕەق لادەبەن و لە دەرەوەی شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵتییان فڕێی دەدەن، ئەمەش بووەتە هۆکارێکی یارمەتیدار بۆ ئەوەی مەترسی تووشبوون بە پیسبوونی ژینگە و نەخۆشی لە نێوان هاووڵاتییان بە تایبەتی منداڵ کەم بکاتەوە.
بە گوێرەی داتاكانی نهتهوه یهكگرتووهكان، کەرتی غەززە 365 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، لەو پاشماوە زۆرەی کە لەو كهرتهدا هەیە، هەر مەترێکی چوارگۆشە 169 کیلۆگرام داروپەردووی تێدایە.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کردووە، دوو لەسەر سێی ئەو پاشماوانە لە ئەنجامی هێرشەکانی پێنج مانگی سەرەتای شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە بووە، هەروەها پێش چەند مانگێک لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست، لە نێوان مانگی نیسان تاوەکوو مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو، هەشت ملیۆن تۆن لە دارووپەردوو زیادی کردووە، کە زۆربەیان لە گەڕەکەکانی ڕەفەح و خان یونس بووە لە باشووری کەرتی غەززە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتە سەرەتاییە ژینگەییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە مانگی ئابی ئەم 2025 بڵاو کراونهتەوە، ڕایگەیاندووە، ئەو پاشماوانە مەترسین بۆ سەر گیانی دانیشتووانی كهرتهكه.
ئاماژەی بەوەش کردووە، 4.9 ملیۆن تۆن لە دارووپەردوەکان بە ماددەی ئەسبیستۆس کە لە دروستکردنی باڵەخانە کۆنەکاندا بەکارهاتووە ژەهراوی بوون، بە تایبەتی لە نزیک خێوەتی ئاوارەکان لە خان یونس و ڕەفەح و چەند ناوچەیەکی دیکە.
نەتەوە یەکگرتووەکان، دەڵێت، زیاتر لە دوو ملیۆن و 900 ههزار تۆن لەو پاشماوانەی کە لە نزیکی ناوچە پیشەسازییەکاندا هەیە بە ماددەی کیمیاوی ژەهراوی بووە، ئەمەش مەترسی ڕاستەقینەیە بۆ سەر گیانی دانیستووانی ئەو ناوچانە.
