ئیتاڵیا پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی مادۆرۆ دەکات
جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ شەممە بڵاویکردەوە، پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئەمەریکا لە ڤەنزوێلا کرد و ئەو هەنگاوەی وەک بەرگرییەکی ڕەوا لە قەڵەم دا.
میلۆنی وەک هاوپەیمانێکی نزیکی دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند: هەرچەندە حکوومەتەکەی بڕوای بەوە هەیە بەکارهێنانی هێز باشترین ڕێگە نییە بۆ گۆڕینی ڕژێمە دیکتاتۆرەکان، بەڵام ئەم دەستێوەردانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هێرشە ناڕاستەوخۆیانە بووە کە دەکرێنە سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی.
سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا جەختی کردەوە، ئەو لایەن و دەسەڵاتانەی پشتیوانی لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەکەن و دەبنە مەترسی بۆ سەر ئاسایش، ڕووبەڕووبوونەوەیان بە کارێکی یاسایی دادەنرێت.
ئەم هەڵوێستەی ڕۆما دوای ئەوە دێت کە هێزەکانی ئەمەریکا لە ئۆپەراسیۆنێکی کتوپڕدا نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلایان دەستگیر کرد، ئەمەش کاردانەوەی جیاوازی لەسەر ئاستی جیهان لێ کەوتووەتەوە.
ئەم پشتگیرییەی ئیتاڵیا لە کاتێکدایە، زۆربەی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا هێشتا هەڵوێستێکی ڕوونیان بەرانبەر دەستگیرکردنی مادورۆ وەرنەگرتووە، جۆرجیا میلۆنی لەوەتەی بووەتە سەرۆکوەزیران، هەمیشە هەوڵی داوە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ واشنتن بەهێزتر بکات، بەتایبەت لە پرسە ئەمنییەکان و بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەکاندا، ئەم لێدوانانەی میلۆنی وەک یەکەم پشتگیریی فەرمیی وڵاتێکی گەورەی ئەوروپی بۆ سیاسەتە نوێیەکانی ئەمەریکا لە ناوچەی کارایبی و ئەمریکای لاتین هەژمار دەکرێت.
