ئیسرائیل بۆ ئاوەداکردنەوەی غەززە مەرجی هەیە
هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی یەکەم کۆبوونەوەی "ئەنجوومەنی ئاشتی" بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ لە واشنتن، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڵوێستی توندی وڵاتەکەی راگەیاند و مەرجی سەرەکی بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی غەززەی بەستەوە بە چەکدانانی تەواوەتیی حەماس لە کەرتەکە.
پێنجشەممە، 19ـی شوباتی 2026، یەکەم کۆبوونەوەی "ئەنجوومەنی ئاشتی" لە واشنتن، بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە ئامادەبوونی 20 سەرکردە و بەرپرسی باڵای جیهان بەڕێوە چوو.
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند: کە وڵاتەکەی بڕی 10 ملیار دۆلار دەبەخشێتە ئەنجوومەنەکە بۆ پرۆسەی بنیاتنانەوە.
بەڵام بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بەر لەوەی کۆبوونەوەکە دەست پێبکات رایگەیانبدوو، لەگەڵ وڵاتی هاوپەیمانمان، ئەمەریکا، رێککەوتووین کە هیچ ئاوەدانکردنەوەیەک بۆ غەززە ئەنجام نادرێت تاوەکو چەک لەو ناوچەیە دانەماڵرێت، دەبێت حەماس تەواوی چەکەکانی رادەست بکات.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاشتی تایبەت بوو بە پێکهێنانی "هێزی سەقامگیریی نێودەوڵەتی" بۆ پاراستنی ئاسایشی غەززە. لە کاتێکدا بەرپرسانی ئەمەریکا، لەوانەش ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جەختیان کردبووەوە کە فشارێکی زۆر لەسەر حەماسە بۆ ئەوەی دەستبەرداری چەکەکانی بێت.