دێڵسی ڕۆدریگێز کرایە سەرۆکی ڤەنزوێلا
فەرمانگەی دەستووری لە دادگای باڵای ڤەنزویلا بڕیاری دا، دێڵسی ڕۆدریگێز، جێگری سەرۆک نیکۆلاس مادورۆ، ئەرکی سەرۆکایەتیی وڵات بە وەکالەت بگرێتە ئەستۆ.
ئەم بڕیارەی دادگا دوێنێ شەممە دەرچوو، دوای ئەوەی بەرەبەیانی هەمان ڕۆژ، نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی ئەمەریکادا دەستگیر کرا.
لە دەقی بڕیارەکەی دادگای باڵای ڤەنزویلادا هاتووە، دێڵسی ڕۆدریگیز "پۆستی سەرۆکی کۆماری ڤەنزویلای بۆلیڤاری وەردەگرێت، بە مەبەستی ڕاپەڕاندنی کاروباری دەوڵەت و پاراستنی نەتەوە."
هەروەها دادگا ئاماژەی بەوەش کردووە، تاوتوێی ڕێکارەکان دەکەن بۆ "دیاریکردنی ئەو چوارچێوە یاساییەی کە پێویستە جێبەجێ بکرێت، ئەمەش بە مەبەستی بەردەوامیدان بە بەڕێوەبردنی وڵات و حکوومەت و پاراستنی سەروەری ڤەنزوێلا دوای نەمانی سەرۆک کۆمارەکەی بە زۆرەملێ و دەستگیرکردنی."
دێڵسی ڕۆدریگێزی، تەمەن 56 ساڵ، خەڵکی کاراکاس و دەرچووی بەشی یاسایە؛ زیاتر لە 20 ساڵە وەک یەکێک لە سەرکردە کاریگەرەکانی بزووتنەوەی "چاڤیزم" و بە هاوپەیمانێکی نزیکی نیکۆلاس مادۆرۆ دەناسرێت.
ڕۆدریگێز، لە ساڵی 2017 سەرۆکایەتیی "کۆمەڵەی نیشتمانیی دامەزرێنەر"ی کرد و لە ساڵی 2018وە وەک جێگری سەرۆکی ڤەنزویلا دەستنیشان کرا. ناوبراو کە تا کاتی دەستگیرکردنی مادۆرۆ، پۆستی وەزیری نەوت و باڵاترین دەسەڵاتی ئابووری وڵاتەکەی لەدەستدا بوو، ئێستا بە بڕیاری دادگای باڵا ئەرکی سەرۆکایەتی ڤەنزویلای بە وەکالەت پێسپێردراوە.
