بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان: ئاستی ئاوی بەنداوەکە زیاتر لە 4 مەتر بەرزبووەتەوە
ئەمڕۆ شەممە، 4ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەندازیار کۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24، نوێترین ئامارەکانی پەیوەست بە کاریگەریی شەپۆلەکانی بارانبارینی ئەمساڵی خستەڕوو.
بەڕێوەبەری بەنداوەکە ڕایگەیاند: "ئەو دوو شەپۆلە بەفر و بارانەی ئەم دواییە کاریگەرییەکی زۆریان هەبووە و بەهۆیانەوە ئاستی ئاوی بەنداوی دوکان 4 مەتر و 39 سانتیمەتر بەرزبووەتەوە. تا ئێستاش کۆی گشتیی بارانبارین لە ناوچەکە گەیشتووەتە 322ملم."
کۆچەر جەمال ئاماژەی بە جیاوازییەکی زۆر کرد لە نێوان ئەمساڵ و ساڵی ڕابردوودا و گوتی: "ساڵی ڕابردوو تا ئەم کاتە تەنیا 98ملم باران باریبوو، بەڵام ئەمساڵ گەیشتووەتە 322ملم. خۆشبەختانە بڕی بارانی ئەمساڵ تا ئێستا لە کۆی گشتیی بارانبارینی ساڵی ڕابردوو (کە 230ملم بوو) تێپەڕی کردووە." هەروەها جەختی کردەوە کە ڕێژەی ئاوی هاتوو بۆ ناو بەنداوەکە بەراورد بە هەمان ڕێکەوتی ساڵی پار، حەوت هێندە زیادی کردووە.
سەبارەت بە بەردانەوەی ئاو، بەڕێوەبەری بەنداوەکە ڕایگەیاند: "لە ئێستادا تەنیا بڕێکی زۆر کەم ئاو بەردەدەینەوە، ئەویش تەنیا بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی ئەو شار و شارۆچکانەی کە سوود لە ئاوی بەنداوەکە وەردەگرن، ئەمەش بەمەبەستی پاراستنی گەنجینەی ئاو بۆ وەرزەکانی داهاتوو."
لە کۆتاییدا ئەندازیار کۆچەر جەمال هیواخواست ئەمساڵ ببێتە ساڵێکی پڕباران و پڕخێر بۆ هەرێمی کوردستان و ئاستی ئاوی بەنداوەکان بگاتە ئاستێکی زۆر باش.
