بەنداوی دێگەڵە سەرڕێژی کرد؛ بڕی بارانبارین 5 هێندەی ساڵی ڕابردووە

بەهۆی شەپۆلەکانی بارانبارینی ئەم دواییە، بەنداوی دێگەڵە لە سنووری شارۆچکەی کۆیە سەرڕێژی کردووە و بەڕێوەبەری بەنداوەکەش دەڵێت، پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی وەرزی زستان سەرڕێژیی بەنداوەکە بەردەوام بێت.

شێروان عەلی، بەڕێوەبەری بەنداوی دێگەڵە بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەو بارانە زۆرەی لە ماوەی ڕابردوودا باریوە، بەنداوەکە بە تەواوی پڕ بووەتەوە و ماوەی شەش ڕۆژە سەرڕێژی کردووە.

بەڕێوەبەری بەنداوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، توانای گلدانەوەی بەنداوەکە 3 هەزار و 50 مەتر سێجا ئاوە و لە وەرزی هاویندا ئاوی پێویست بۆ چەندین گوندی ناوچەکە دابین دەکات. گوتیشی: "خۆشبەختانە ئەمساڵ تاوەکو ئێستا 230 ملیم باران باریوە، کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، چونکە پارساڵ تاوەکو ئەم کاتە تەنیا 50 ملیم باران باریبوو، جگە لەوەش ئەمساڵ 8 سانتیمەتر بەفریش باریوە."

لەبارەی کارەکانی چاککردنەوەی بەنداوەکە، شێروان عەلی ئاشکرای کرد، لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە چاککردنەوەی بەنداوەکە و قفڵەکانی دەکرێت، ئەمەش بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ وەرزی هاوین تاوەکو بتوانن بە شێوەیەکی باشتر ئاو بۆ گوندەکانی دەوروبەر دابین بکەن.

سەبارەت بە کاریگەرییەکانی بارانبارینی ئەمساڵ لەسەر ژینگەی ناوچەکە، بەڕێوەبەری بەنداوەکە گوتی: "کانی و سەرچاوە ئاوییەکان هەموویان بووژاونەتەوە، بەتایبەت لە دۆڵی عەلیاوە کە چەندین ساڵ بوو وشک ببوون، ئێستا ئاویان تێدا گەڕاوەتەوە."

هەروەها پێشنیازی ئەوەشی کرد کە دەکرێت لە ناوچەکەدا پۆند و بەنداوی دیکە دروست بکرێت بۆ ئەوەی ئاوی باران بە فیڕۆ نەچێت، وەک ناوچەی "بەستی شەرغە" لە بناری چیای دێدەوان، کە شوێنێکی گونجاوە بۆ گلدانەوەی ئاو و سوودوەرگرتن لێی لە کەرتی کشتوکاڵدا.

بەنداوی دێگەڵە دەکەوێتە شارەدێی دێگەڵە لە سنووری شارۆچکەی کۆیە، یەکێکە لەو بەنداوە بچووکانەی کە ڕۆڵێکی گرنگ لە پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و دابینکردنی ئاوی بەراو بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکە دەگێڕێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل