خالید کۆچەر دوو کتێبی شیعری خۆی بڵاوکردەوە

نووسەر و شاعیر، خالید کۆچەر، دوو کتێبی شیعری خۆی لەژێر بەناونیشانەکانی "ژنێک دڵی داگیرکردووم" و "تەمەنت لەسەرووی پەنجا ساڵیدایە"، کە لەلایەن چاپخانەی هێڤی چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ی کانوونی دووەمی 2025، نووسەر و شاعیر خالید کۆچەر، دەربارەی بڵاوکردنەوەی دوو کتێبە شیعرییەکەی بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: کتێبی "ژنێک دڵی  داگیرکردووم"، چەند دەقە شیعرێکی سۆزداری تێدا بڵاکراوەتەوە کە بۆنی خۆشەویستییەکی گەورەی لێدێت، وەک ئەڤیننامەی کۆچەرێکی عاشق بە ئافرەتێکی ئەویندار  وایە.

گوتیشی: کتێبی دووەمم "تەمەنت لەسەرووی پەنجا ساڵیدایە"، ئەوەیان قەسیدەیەکی درێژە ئەویش هەر باس لەعەشق و ئەوینداریەکی پاک دەکا.

خالید کۆچەر دەربارەی ئەوەی کە ماوەیەکی زۆرە هیچ کتێبێکی چاپ نەکردووە و دەڵێت: چەندین ساڵ بوو هیچ کتێبێکم چاپ نەکردبوو، بۆیە بە باشم زانی ئەو دوو کتێبە شیعریەم بڵاوبکەمەوە و بیکەمە دیاری بۆ خوێنەران و بۆ کتێبخانەی کوردی.

نووسەر و شاعیر، خالید کۆچەر، ساڵی 1963 لە گەرەکی خانەقای شاری هەولێر لە دایك بووە، تا قۆناغی ناوەندی خوێندووە، لە کۆتایی ساڵی حەفتاکان دەست بەنووسێن دەکات، یەکەم شیعری ساڵی 1980 بڵاوکردۆتەوە، لە چەندین ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکان بەرهەمی بڵاوکردۆتەوە، هەروەها لە چەندین ڕۆژنامە وەکو نووسەر و هەڵەچن کاری کردووە، ئەندامی یەکێتی نووسەرانی کوردە لە لقی هەولێر و  ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانە، بەرهەمە چاپکراوەکانی وەکو، فرمێسکی مەهاباد -شیعر ساڵی 1981، ئەستێرەی هیوا - شیعری منداڵان ساڵی 1983، دیاری بۆ مام هێمن ساڵی 1984، جانتای سەفەری ئەمجارەت پڕیەتیی لە گریان-شیعر ساڵی 2013، ژنێک دڵی داگیرکردووم، تەمەنت لەسەرووی 50 ساڵیدایە.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل