وەزارەتی کارەبا هۆشداریی دەداتە سەرپێچیکارانی کارەبا
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ پاراستنی تۆڕی کارەبا و دابینکردنی خزمەتگوزارییەكی دادپەروەرانە، هەڵمەتێکی بەرفراوانی دەستپێکردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جۆرەکانی سەرپێچی کارەبا.
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوای دەرچوونی ڕێنماییەکانی وەزارەت لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا، تیمەکانی وەزارەت و پڕۆژەی ڕووناکی، بەردەوامن لە گەڕان و بەدواداچوون بۆ دۆزینەوە و تۆمارکردنی هەر حاڵەتێکی سەرپێچیکردن لە تۆڕی کارەبادا.
بەپێی ڕێنماییە نوێیەکانی وەزارەتی کارەبا، سزای سەرپێچیکردنی کارەبا بۆ هاوبەشانی ماڵان دەگاتە چوار ملیۆن دینار، هەروەها لە کاتی دووبارەبوونەوەی سەرپێچییەکە، هاوبەشەکە دەدرێتە دادگا، ئاماژەی بەوەشداوە، سزای دارایی بۆ سەرپێچیکارانی هاوبەشانی بازرگانی و پیشەسازی، دەگاتە 50 ملیۆن دینار، لەگەڵ دادگاییکردن لە کاتی دووبارەبوونەوەی سەرپێچیەکە.
وەزارەتی کارەبا ڕاشیگەیاندووە، هەڵمەتەکە لە هەفتەی ڕابردوو لە گەڕەکی بەختیاریی شاری هەولێر دەستیپێکردووە، کە لەو هەڵمەتەدا، چەندین حاڵەتی چەتاڵکردنی نایاسایی کارەبا دۆزرایەوە و ڕێوشوێنی پێویست گیرایەبەر، ئەم سەرپێچییانەش بریتی بوون لە بە نایاسایی ڕاکێشان و چەتاڵکردنی هێڵی کارەبا بۆ موڵکی هاوبەش، بەکاربردنی کارەبا بەبێ تێپەڕاندنی ژمێرەر و تۆمارنەکردنی هیچ بڕە پسوولەیەک، کە ئەمەش پێچەوانەی یاسای کارەبایە، هەروەها ڕێوشوێنی یاسایی و کارگێڕی بەرانبەر ئەو هاوبەشانە دەگیرێتەبەر کە سەرپێچییان ئەنجام داوە.
