مادورۆ لە "دۆزەخی سەر زەوی" زیندانی کراوە
ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێس ڕاپۆرتێکی لەبارەی ئەو گرتووخانەیە بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا نیکۆلاس مادورۆ سەرۆکی ڤەنزوێلا دەستگیرکراوە، کە پارێزەران بە دۆزەخی سەر زەوی ناوی دەبەن و مێژوویەکی پڕ لە توندوتیژی و تاریکیی هەیە.
نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی دەستگیرکراوی ڤەنزوێلا گواسترایەوە بۆ گرتووخانەی ( Metropolitan Detention Center-MDC) لە بڕۆکلین، کە بەهۆی خراپیی دۆخەکەیەوە بەشێک لە دادوەرەکان ئامادە نین تۆمەتبارانی بۆ بنێرن، بەڵام لە هەمان کاتدا شوێنی مانەوەی چەندین کەسایەتیی بەناوبانگ و سەرۆکەکان بووە.
گرتووخانەی ناوەندیی بڕۆکلین (MDC) کە لە سەرەتای 1990 کراوەتەوە و ئێستا نزیکەی 1300 زیندانی تێدایە، مێژووییەکی پڕ لە کێشەی هەیە. گرتووخانەکە دەکەوێتە ناوچەیەکی پیشەسازی و دەڕوانێتە پەیکەری ئازادی، بەڵام لەلایەن پارێزەران و زیندانییانەوە بە دۆزەخی سەر زەوی وەسف دەکرێت.
لە زستانی 2019دا، بەهۆی بڕانی کارەباوە زیندانییەکان هەفتەیەکیان لە تاریکی و سەرما و سۆڵەدا بەسەر برد. هەروەها توندوتیژی تێیدا زۆرە و تەنیا لە ساڵی 2024دا دوو زیندانی لەلایەن هاوڕێکانیانەوە کوژراون.
مادورۆ یەکەم سەرۆک نییە کە دەخرێتە ئەم گرتووخانەیە؛ پێشتر خوان ئۆرڵاندۆ هێرناندێز، سەرۆکی پێشووی هندۆراس بە تۆمەتی بازرگانیی کۆکاین لەوێ زیندانی بوو تا ئەو کاتەی لەلایەن ترەمپەوە لێخۆشبوونی بۆ دەرچوو.
ئەگەر مادورۆ لە ژووری تاکەکەسی دەربهێنرێت، ڕەنگە ڕووبەڕووی هەندێک کەسی ناسراو ببێتەوە، لەوانە هۆگۆ کارڤاخال، بەرپرسی پێشووی هەواڵگرییەکەی خۆی کە ساڵی 2019 لە مادورۆ جیابووەوە و ئێستا هاوکاریی ئەمەریکا دەکات. هەروەها ئەندامانی باندی مەترسیداری "ترێن دی ئاراگوا"ی ڤەنزوێلیش لەوێ زیندانی کراون.
سەرەڕای ناوبانگە خراپەکەی، نووسینگەی فیدراڵیی گرتووخانەکان دەڵێت لەم دواییانەدا چاکسازییان کردووە، کێشەکانی ئاو و کارەبا و سیستەمی گەرمکرنەوەیان چارەسەر کردووە و ژمارەی زیندانییانیان کەم کردووەتەوە بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی زیندانەکان، بەم دواییانە ژمارەیەک کارمەندی پزیشکی و چاکسازی بۆ ستافی گرتووخانەکە زیاد کراون و زیاتر لە 700 داواکاریی چاککردنەوە کە کەڵەکە بووبوون، جێبەجێ کراون. چاکسازییەکان تۆڕەکانی کارەبا، ئاو و ئاوەڕۆ، خزمەتگوزاریی خۆراک و سیستەمی گەرمکەرەوە و ساردکەرەوەکانی گرتووخانەکەی گرتووەتەوە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ نیگەرانیی دادوەرەکان.
هاوکات لەگەڵ چاکسازییە بیناسازییەکان، دەسەڵاتداران هەڵمەتێکیان بۆ بنبڕکردنی تاوان لەناو زیندانەکەدا دەستپێکردووە. لە مانگی ئازاری ڕابردوودا 23 زیندانی بە تاوانی جۆراوجۆر سزادراون؛ دیارترین ئەو تاوانانەش بریتی بوون لە هێنانە ژوورەوەی چەک لەناو کیسەی چپسی دۆریتۆس (Doritos) و هەروەها دۆسیەی چەقۆلێدان لە پیاوێک کە بە کوشتنی هونەرمەندێکی بواری هیپ-هۆپ سزادرابوو.
نووسینگەی زیندانەکان جەخت دەکاتەوە کە گرتووخانەکە ئێستا بۆ ستاف و زیندانییەکان سەلامەتە، بەتایبەت دوای ئەوەی ژمارەی زیندانییەکان لە 1580 زیندانییەوە (لە کانوونی دووەمی 2024) کەمکرایەوە، کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی تاوان و ماددە قەدەغەکراوەکان.
شەوی شەممە، کاتێک کاروانی ئۆتۆمبێلەکان مادورۆ و هاوسەرەکەیان دەگەیاندە گرتووخانەکە، ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەرانی ڤەنزوێلا لەبەردەم دەرگاکە بە ئاڵای وڵاتەکەیانەوە ئاهەنگیان دەگێڕا.
ئەم گرتووخانەیە لە ساڵی 2021ەوە کەوتووەتە ژێر چاودێرییەکی ورد، ئەمەش دوای ئەوەی گرتووخانەی "Metropolitan Correctional Center"ی نیویۆرک داخرا بەهۆی خۆکوشتنی جێفری ئەپشتاین تێیدا، کە پەردەی لەسەر لاوازیی ئەمنی و خراپیی ژێرخانی زیندانەکانی ئەو شارە هەڵماڵی.
