نیویۆرک تایمز: سبەی مادورۆ دەچێتە بەردەم دادگا
نیویۆرک تایمز: 80 کاس لە ئۆپەراسیۆنی ئەمەریکا بۆ دەستگیرکردنی مادورۆ کوژراون
بڕیارە سبەی دووشەممە بۆ یەکەمجار نیکۆلاس مادورۆ لەبەردەم دادگایەکی ئەمەریکا دەربکەوێت، ئەمەش لە کاتێکدایە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاشکرای کردووە کە ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی ناوبراو دەیان کوژراوی لێکەوتووەتەوە.
بڕیارە سبەی دووشەممە، 5ـی کانوونی دووەمی 2026 کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆ بە کاتی نیویۆرک، نیکۆلاس مادورۆ و سیلیای هاوسەری لەبەردەم دادگای فیدراڵیی مانهاتن ئامادەبن و ڕووبەڕووی چەندین تۆمەتی قورس دەبنەوە، دیارترینیان: تیرۆری ماددە هۆشبەرەکان، پیلانگێڕی بۆ ناردنی کۆکاین بۆ ئەمەریکا و بەکارهێنانی چەک.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی لە زاری سەرچاوەکانەوە بڵاویکردەوە، ژمارەی کوژراوانی ئۆپەراسیۆنی ئەمەریکا بۆ دەستگیرکردنی مادورۆ گەیشتووەتە 80 کەس.
ڕۆژنامەکە ڕوونی کردووەتەوە کە کوژراوەکان تەنیا سەرباز نین، بەڵکوو ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل و زۆربەی پاسەوانە تایبەتەکانی مادورۆ لەو ئۆپەراسیۆنەدا گیانیان لەدەستداوە.
هاوکات دۆخی سیاسیی ڤەنزوێلا ئاڵۆزتر بووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەڕەشەی لە دێڵسی ڕۆدریگێز، سەرۆکی کاتیی وڵات کردووە کە ئەگەر ملکەچی داواکانی واشنتن نەبێت و هاوکاری نەکات، باجێکی زۆر قورستر لە مادورۆ دەدات.
لەلایەکی دیکەوە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پلانی سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر ڤەنزوێلادا ئاشکرا کرد، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە هەناردەی نەوت و کۆنترۆڵکردنی یەدەگە نەوتییەکەی ئەو وڵاتە لەلایەن کۆمپانیا ئەمەریکییەکانەوە.
