کۆمیسیۆنی ئاشتی ڕاپۆرتی کۆتایی خۆی ئامادە دەکات
تیمی نووسینەوەی ڕاپۆرتی پرۆسەی ئاشتی لە پەرلەمانی تورکیا کۆدەبێتەوە. ئەم هەنگاوە دوای درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی کۆمیسیۆنی هاودەنگیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی بۆ ماوەی دوو مانگی دیکە دێت .
بڕیارە لەو ماوەیەدا پێشنیازە پێشکەشکراوەکان تاوتوێ بکرێن و ڕاپۆرتێکی کۆتایی لەسەر پرۆسەکە بنووسرێتەوە، ڕاپۆرتەکە ڕێکخستنی یاساییش لەخۆدەگرێت.
پەرلەمانی تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، سبەی سێشەممە، 06ـی کانوونی دووەمی 2026، تیمی نووسینەوەی نێو کۆمیسیۆنەکە کۆدەبنەوە. کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاشتی، بەڕێوەدەچێت.
ئامانجی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی ئامادەکردنی ڕاپۆرتی کۆتاییە. لەنێو تیمەکەدا نوێنەرانی دەم پارتی، ئاکپارتی، مەهەپە و جەهەپە بەشدارن.
کۆمیسیۆنەکە لە مانگی ئابی ساڵی 2025 دەستی بە کارەکانی کردووە. لە ماوەی ڕابردوودا گوێی لە بۆچوون و پێشنیازی توێژە جیاوازەکان گرتووە. ئێستا قۆناغی گوێگرتن کۆتایی هاتووە و پرۆسەکە پێی ناوەتە قۆناغی ئامادەکردنی ڕاپۆرتی کۆتایی.
کۆمیسیۆنی ئاشتیی پەرلەمانی تورکیا، بەناوی فەرمی "کۆمیسیۆنی هاودەنگیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی"، بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی و یاسایی بۆ پرسی کورد و چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دامەزراوە . ئەم کۆمیسیۆنە لە 48 ئەندام پێکدێت نوێنەرایەتیی زۆربەی پارتە سیاسییەکانی نێو پەرلەمان دەکەن، لەوانە ئاکپارتی، جەهەپە، دەم پارتی و مەهەپە.
لەکۆبوونەوەکانی پێشووتریدا، کۆمیسیۆنەکە میوانداریی چەندان لایەنی کردووە، وەک عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، وەزیرانی ناوخۆ و بەرگری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری (میت)، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەکادیمییەکان، بۆ وەرگرتنی ڕا و سەرنجیان.
بڕیاربوو کارەکانی کۆمیسیۆنەکە لە کۆتایی ساڵی 2025 تەواو بێت، بەڵام بەهۆی پێویستیی کاتی زیاتر بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکی گشتگیر، ماوەی کارکردنی بۆ دوو مانگی دیکە درێژکرایەوە .
