"وەزیری دەرەوە"ی كابینەی بایدن روانینی خۆی لە بارەی ئیسرائیل، فەڵەستین و ئەتۆمی ئێران ئاشكرادەكات
بایدن پشتگیری لە ھەبوونی دەوڵەتی فەڵەستین دەكات
K24 – ھەولێر:
ئەنتۆنی بلینكن، كاندیدی پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە ئێدارەی داھاتووی جۆ بایدن، ھەڵوێستەكانی لە بارەی پەیوەندییەكانی ئیسرائیل و ئەمەریكا و ئێران و پرسی فەڵەستین ئاشكراكرد.
لە میانی بەشداریكردنی لە كۆنگرەیەكی ڤیدیۆیی بۆ رێكخراوی "زۆرینەی دیموكراتی لە پێناو ئیسرائیل"، كە رێكخراوێكی سەر بە پارتی دیموكراتە، بلینكن گوتی: "بایدن پابەندییەكی قووڵی ھەیە بە ئاساییشی ئیسرائیل و ھاوبەش بووە لە پەیوەندییەكان لەگەڵ تەواوی سەرۆك حكومەتەكانی ئیسرائیل ھەر لە سەردەمی "گۆڵدا مائیر"ەوە و بەردەوام بەشداریكردووە لە ھەموو بابەبتێك، كە كاریگەری لەسەر ئیسرائیل ھەبێت".
بلینكن جەختیكردەوە لەوەی بایدن پشتگیری لە ھەبوونی ھەردوو دەوڵەت دەكات و لەو بڕوایە دایە، ئەمە تاكە رێگایە بۆ دابینكردنی ئایندەی ئیسرائیل وەك دەوڵەتێكی جولەكەیی دیموكرات و سەقامگیر لە تەك جێبەجێكردنی خواستە رەواكانی فەڵەستینییەكان.
گوتیشی: "جۆ بایدن، وەك سەرۆك ھاریكاری سەربازی و ھەواڵگری لەنێوان ھەردوو دەوڵەتدا دەپارێزێت و و قووڵی دەكاتەوە و دابینی سەردەستەیی سەربازی ئیسرائیل دەكات. داواش لە ئیسرائیل و فەلەستینییەكان دەكات ھەنگاوی یەك لایەنە نەگرنەبەر، كە رێگر بێت لە گەڕانەوە بۆ چارەسەری ھەردوو دەوڵەت. جارێكی دیكە پشتیوانی دەسەڵاتی فەڵەستینی دەكات و كۆنسلخانەی ئەمەریكا لە قودسی رۆژھەڵات دەكاتەوە و ھاریكاری مرۆڤایەتی و ئابووری پێشكەش بە فەلەستینییەكان دەكات بەپێی یاسای تایلۆر فۆرس".
بلینكن جەختیكردەوە لەوەی "سەرۆكی ھەڵبژێردراو دژی بابەتی پەلھاوێشتنە بۆ سەر خاكی فەڵەستین"، بەڵام لە لایەكی دیكەوە جەختیكردەوە لەوەی "بایدن سوور دەبێت لەسەر ئەوەی فەلەستینییەكان ھاندانی توندوتیژی و ھەنگاوە یەكلانەكان راگرن". راشیگەیاند، "سەرۆك ھەوڵ دەدات متمانە لە نێوان ھەردوو لایەندا درووستبكات، ئەمەش كاتی دەوێت، بەڵام ئەگەری سەركەوتنی زۆرە".
كاندیدی پۆستی وەزیری دەرەوە لە حكومەتی بایدن گوتی: ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ھەوڵدەدات پێگەی خۆی لە دەزگاكانی نەتەوەیەكگرتووەكان بگەڕێنێتەوە، كە "لەسەردەمی سەرۆك ترەمپ زۆر لاواز ببوو"، بەردەوامیش دەبێت لە پشتیوانی و بەرگریكردن لە ئیسرائیل. ھەرچەندە واشنتن ناتوانێت رێگری بكات "لە ھەر ھێڕشێكی ئەو دەزگایانە دژ بە ئیسرائیل"، بەڵام بەھێزەوە وەڵامیان دەداتەوە.
بلینكن بەتوندی رەخنەی لە ئیدارەی پێشوو گرت لە بارەی كشانەوەی لە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و گوتی: "سیاسەتێك بوو شكستێكی زۆری ھێنا" و رێگری لە ئێران نەكرد لەوەی پەرە بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی نەدات. ئێرانی رانەكێشایە سەر مێزی دانوستان و ژیانی سەربازانی ئەمەریكای لە سووریا و عێراق خستە مەترسییەوە. ھەروەھا ئەم سیاسەتەی واشنتنی دوورەپەرێز كرد لە ھاوبەشە نزیكەكانی خۆی لە ئەوروپا، بەپێی قسەكانی بیلنكن.
لە بارەی نەھێشتنی قەدەغەی چەك كڕینی لەسەر ئێران، كە دوو مانگ دەبێت كاریگەر لەدەستداوە، بلینكن گوتی: بەھۆی كشانەوەی ترەمپ لە رێككەوتنەكە، ناكرێت "ھەردوو لایەن بەدەست بێنین"، گوتیشی: "ئێمە ناتوانین لە رێككەوتنەكە بكشێینەوە و لە ھەمان كاتیشدا ئەو ئامرازانە بەكار بێنین كە لە فرتوفێلی ئێرانی بمانپارێزێت، قورسە ئەو دووە بەیەكەوە كۆ بكرێنەوە".
سەرچاوە: i24News