حکوومەتی چین: هیچ وڵاتێک بۆی نییە وەک پۆلیسی نێودەوڵەتی ڕەفتار بکات
وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین، ڕەخنەی توند لە ئۆپەراسیۆنی هێزە تایبەتەکەی ئەمەریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا و قۆڵبەست کردنی مادورۆ دەگرێت و دەڵێت: نابێت هیچ وڵاتێک وەک پۆلیس یان دادوەری نێودەوڵەتی ڕەفتار بکات.
دووشەممە 5ـکانوونی دووەمی 2026، وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین، ڕایگەیاند، ئێمە باوەڕمان بەوە نییە کە هیچ وڵاتێک بتوانێت وەک پۆلیسی نێودەوڵەتی مامەڵە بکات، هەروەها هاوڕا نین لەگەڵ هیچ وڵاتێک کە بانگەشەی ئەوە بکات دادوەری نێودەوڵەتییە.
وانگ یی لە قسەکانیدا، جەختی لەسەر پاراستنی سەروەری و ئاسایشی هەموو وڵاتان بە تەواوی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان کردەوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە،"چین بە توندی دژی هەڕەشە یان بەکارهێنانی هێزە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سەپاندنی ئیرادەی وڵاتێک بەسەر وڵاتێکی دیکەداین".
لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی چین، لە میانی دیداری لەگەڵ ئیسحاق دار وەزیری دەرەوەی پاکستان لە بەیژینگ بوو، تیایدا ئاماژەی بەوەداوە، دۆخی ئێستای نێودەوڵەتی بە زیادبوونی ئاڵۆزی و ناسەقامگیری و هەروەها پەرەسەندنی فشارە تاکلایەنەکان خەریکە بە تەواوی ئاڵۆز دەبێت، جەختی لەوەشکردووەتەوە، گۆڕانکاری لەناکاوی دۆخی ڤەنزوێلا سەرنجی بەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ خۆی ڕاکێشاوە، بۆیە دەبینین کاردانەوەکان بە شێوەیەکی فراون لە هەموو لایەکی جیهانەوە دەبینرێن و زۆرینەیان بە نا یاسایی و دەستدرێژی بۆ سەر سەروەری ئەو وڵاتە لە لایەن ئەمەریکاوە ناوی دەبەن.
ڕۆژی شەممە 3ـی کانوونی دووەمی 2026، بە فەرمانی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتی یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هێزە تایبەتەکانی ئەو وڵاتە بە پاڵپشتیی فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەر، ئۆپەراسیۆنێکی کتوپڕیان بۆ سەر شوێنی مانەوەی نیکۆلاس مادورۆ لە ڤەنزوێلا ئەنجام دا و توانییان خۆی و خێزانەکەی دەستگیر بکەن.
ترەمپ لە بارەی دەستگیریکردنەکەی گوتی: مادورۆ و خێزانەکەی دەگوازرێنەوە نیویۆرک و لەوێ دادگایی دەکرێن.
