وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەنگۆی هێرشکردنە سەر ئەحمەد شەرع ڕەتدەکاتەوە

ئەحمەد شەرع
ئەحمەد شەرع

وەزارەتی ناوخۆی سووریا هەموو ئەو هەواڵ و دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە ڕوودانی هێرشێکی چەکداری بۆ سەر ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی دیکەی ئەو وڵاتە دەکەن. 

گوتەبێژی وەزارەتەکە جەختی کردەوە، باری ئەمنیی سەرۆکی وڵاتەکەی و بەرپرسە باڵاکان جێگیرە و ئەو هەواڵانەی بڵاوکراونەتەوە هیچ بنەمایەکی ڕاستییان نییە.
نورەدین بابا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا ئەمڕۆ دووشەممە 5ـی کانوونی دووەمی 2025، ڕایگەیاند: هەندێک پلاتفۆرم و لاپەڕە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵی ناڕاستیان لەبارەی کردەوەیەکی ئەمنی دژی سەرۆک کۆماری سووریا بڵاوکردووەتەوە. 

ئاماژەی بەوەش کرد،ئەو لایەنانە پەنایان بۆ بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی ساختە بردووە و بە ناوی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتەوە بڵاویان کردووەتەوە بۆ ئەوەی خەڵک باوەڕیان پێ بکات.

گوتەبێژەکەی وەزارەتی ناوخۆی سووریا بە توندی ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە و داوای لە هاوڵاتییان و سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد، لە گواستنەوەی هەواڵدا بەرپرسیار بن و بە وریاییەوە مامەڵە بکەن. 

هەروەها جەختی کردەوە، نابێت هیچ هەواڵ و زانیارییەک لە سەرچاوەی نادیارەوە وەربگیرێت و تەنیا دەبێت پشت بە ڕاگەیەندراوە فەرمییەکانی حکوومەت ببەسترێت.
ئەم جۆرە دەنگۆیانە لە کاتێکدا بڵاودەبنەوە کە سووریا لە قۆناغێکی هەستیاری گۆڕانکاریی سیاسی و ئەمنیدایە، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەحمەد شەرع وەک سەرۆکی وڵات دەستبەکار بووە، لە کاتی گۆڕانکارییە گەورەکان و گواستنەوەی دەسەڵاتدا، زۆرجار بازاڕی شەڕی دەروونی و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە گەرم دەبێت، کە ئامانج لێی دروستکردنی دڵەڕاوکێ و تێکدانی سەقامگیریی ناوخۆییە، حکومەتی نوێی سووریا لە ڕێگەی ئەم جۆرە ڕوونکردنەوانەوە هەوڵ دەدات کۆنترۆڵی دۆخەکە بکات و ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی پشێوی بکات