شاخەوان عەبدوڵڵا: دەرگای گفتوگۆ بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دانەخراوە
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەرچەندە وادەی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کۆتایی هاتووە، بەڵام دەرگای گفتوگۆ لەنێوان لایەنەکان بەتایبەت پارتی و یەکێتی کراوەیە و دەشڵێت: ئەگەر ئێمە ڕێکنەکەوین، لایەنی سێیەم شیعە و سوننە سەرۆک کۆمار یەکلایی دەکەنەوە.
دووشەممە 5ی کانوونی دووەمی 2026، شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (باسی ڕۆژ)ی کوردستان24، سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆمار و گفتوگۆکان ڕایگەیاند: بەداخەوە نەبوونی کۆدەنگیی کورد لەسەر کاندیدێک وای کردووە ژمارەی بەربژێرەکان زۆر بن، ئەمەش مەترسی ئەوە دروست دەکات لە داهاتوودا دەستتێوەردانی دەرەکی بەسەر ئەو کەسەدا فەرز بکرێت کە دەبێتە سەرۆک کۆمار. گوتیشی: سبەی پەرلەمانی عێراق، لە ئەنجامی هەڵسەنگاندن و گفتوگۆکانی نێوانیان ژمارەی ئەو 81 کاندیدەی پۆستی سەرۆکی کۆماری عێراق کەم دەکەنەوە.
سەبارەت بە ئەگەری ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی، شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: هەرچەندە وادەی خۆ کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کۆتایی هاتووە، بەڵام دەرگای گفتوگۆ لەنێوان لایەنەکان بەتایبەت پارتی و یەکێتی کراوەیە، دڵنیام هەرکاتێک ئەو دوو حزبە ڕێکبکەون، چارەسەرکردنی بابەتی کاندیدەکان ئاسان دەبێت، جا بە کشاندنەوە بێت یان بە ڕێککەوتن لەسەر کاندیدی هاوبەش.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لەوەش کرد، داوایان لە یەکێتیی نیشتمانی کردووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنین، چونکە بە لای ئێمەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری هەرە لە پێشینەیە، ناکرێت حکوومەتی هەرێم دوای ساڵێک لە هەڵبژاردن هێشتا پێک نەهاتبێت، بیر لە دامەزراوەکانی حکوومەتی فیدراڵی بکەینەوە.
هەروەها هۆشداری دا لەوەی کە ئەگەر کورد لەناو خۆیدا ڕێکنەکەوێت، ئەوا لایەنی سێیەم کە مەبەستی چوارچێوەی هەماهەنگی و لایەنە سوننەکانە، ڕۆڵ لە یەکلاییکردنەوەی پۆستەکەدا دەبینن، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە کامیان زۆرینەی پەرلەمان بەدەست بهێنێت، ئەو دەبێتە سەرۆک کۆمار.
هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق لە پەرلەمانی لە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان قورسترە، چونکە لە گەڕی یەکەم هەر کاندیدێک دەبێت 220 دەنگ بەدەستبهێنیت.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق جەختی کردەوە، ئەم پۆستە تەنیا تەشریفاتی نییە و بەپێی دەستوور دەسەڵاتی زۆری هەیە، گوتیشی: لە ڕابردوودا بەهۆی ئەوەی کەسێکی بەهێز لەو پۆستەدا نەبووە، پێشێلکاری بەرانبەر مافە دەستوورییەکانی هەرێم، بودجە و ماددەی 140 کراوە، بۆیە پارتی دەیەوێت کەسێک بچێتە ئەوێ کە بتوانێت بەرگری لە مافە دەستوورییەکان بکات.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەشی بەوەش دا، دەستێکی دەرەکی هەیە، کە نایەوێت عێراق سەرۆک کۆمار، پەرلەمانی و وەزیرانێکی بەهێز هەبێت، چونکە بەهێزبوونی عێراق بە مەترسی بۆ سەر خۆیان دەبینن و نەتوانن وەکوو ئێستا سوود لە ئابووری ئەو وڵاتە وەبگرن.
شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە دا، وەک چۆن شیعەکان بە زۆرینە سەرۆک وەزیران دیاری دەکەن و سوننەکانیش سەرۆکی پەرلەمان، پارتیش وەک زۆرینەی کورد مافی خۆیەتی پۆستی سەرۆک کۆمار دیاری بکات، بەڵام لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و یەکڕیزیی کورد، ئامادەی گفتوگۆن.
سەبارەت بە پەیوەندییان لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی، ئاشکرای کرد کە ئەوانیش داوایان کردووە کورد بە یەک کاندید بچێتە بەغدا، لەبارەی پەیوەندی لەگەڵ هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان، ڕوونی کردەوە کە پەیوەندییەکانیان ئاساییە و ئەو گرژییانەی پێشتر هەبوون لەسەر پرسە ئیدارییەکان و زەوییەکان بووە و چارەسەر کراون.
سەبارەت بە کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، شاخەوان عەبدوڵڵا ڕایگەیاند کە هێشتا چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر کاندیدێک یەکلایی نەبوونەتەوە و تا دێت ناکۆکییەکانی نێوانیان قووڵتر دەبنەوە و لایەنی دەرەکی و ناوخۆیی دەستتێوەردان دەکات، و پێشبینی دەکات ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بڕوات، ڕەنگە پەنا بۆ کاندیدێکی سازان ببرێت. ڕێکنەکەوتن لە نێو خۆیان وای کردووە فشار بۆ دیاریکردن سەرۆک کۆماری عێراق نەکەن.
