ئاوارەکانی زاخۆ: 11 ساڵە لە کەمپداین، بەڵام بەغدا نەوتی سپیی پێ نەداوین
لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و دابەزینی پلەکانی گەرما، ژیانی ئاوارەکانی نیشتەجێی کەمپەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ سەختتر بووە، ئەمەش بەهۆی دابیننەکردنی نەوتی سپی لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە.
زیاتر لە 80 هەزار ئاوارە لە شەش کەمپی سنوورەکەدا نیشتەجێن و چاوەڕوانی وەرگرتنی پشکی نەوتی سپین تا بتوانن خۆیانی پێ گەرم بکەنەوە.
خەلیل عەباس، یەکێک لە ئاوارەکان بە مێهڤان مەجید، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "11 ساڵە لە کەمپی چەمشکۆ نیشتەجێم، بەهۆی نەبوونی نەوتی سپی و سەختیی ژیان، ناچارین لە دەرەوەی کەمپەکە بەدوای کاردا بگەڕێین تا بژێویی ژیانمان دابین بکەین."
هاووڵاتییەکی دیکەی ئاوارە بەناوی جەمال ئەمین، باس لەوە دەکات، سەرەڕای سەرمای زستان، نەبوونی کارەباش کێشەیەکی دیکەیانە و دەڵێت: "خۆمان سۆپامان کڕیوە، بەڵام نە گاز هەیە و نە نەوتی سپی."
ئێزدین کرتو، ئاوارەیەکی دیکەیە و گلەیی لە حکوومەتی عێراق دەکات کە تا ئێستا نەوتیان بۆ دابین نەکردووە و دەڵێت: "ناچارین لە بازاڕی ئازاد نەوت بکڕین، ئەمەش بارگرانییەکی زۆرە لەسەرمان."
قاسم عەونی، بەرپرسی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە زاخۆ، ڕایگەیاند، پێنج مانگ لەمەوبەر بە نووسراوی فەرمی داوایان لە وەزارەتی نەوتی عێراق کردووە نەوتی سپی بۆ ئاوارەکان دابین بکات، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکیان نەدراوەتەوە.
ناوبراو گوتیشی: "لە 9ی ئەیلوولی 2025، بە نووسراوێکی هاوبەش لەگەڵ پارێزگای دهۆک، داوامان ئاراستەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و وەزارەتی نەوتی عێراق کردووە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا نەگەیشتووەتە دەستمان."
نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و دواکەوتنی هاوکارییەکان، ژیانی ئاوارەکانی لە کەمپەکاندا سەختتر کردووە و داواکارن لایەنە پەیوەندیدارەکان بە زووترین کات بەدەم داواکارییەکانیانەوە بچن.
