فرۆشی ئۆتۆمبیلی کارەبایی لە بازاڕە جیهانییەکان پاشەکشەی گەورەی کردووە

پیشەسازیی ئۆتۆمبیلی کارەبایی پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە کە تێیدا ئەو گوڕ و تینە توندەی ساڵانی ڕابردووی نەماوە. دوای چەندین ساڵ لە گەشەی بێوێنە کە بەهۆی هاندانە حکوومییەکان و خواستی بەکارهێنەرانەوە بوو، ئێستا باوی لە بازاڕە گەورەکانی جیهان کەمبووەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، کەرتی ئۆتۆمبیلی کارەبایی کەوتووەتە ژێر گوشارێکی توندی هەمەلایەنە؛ کە تێیدا پاشەکشەی خواست، کەمبوونەوەی پاڵپشتیی دارایی حکوومەتەکان و بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان یەکانگیربوون. پێشبینی دەکرێت لە دوای سەرهەڵدانی کۆڕۆناوە تا ئێستا، ئەمساڵ خاوترین ڕێژەی گەشەی ساڵانەی فرۆشتن تۆمار بکرێت.

خەمڵاندنەکان ئاماژە بە ساڵێکی "خاو" دەکەن

ڕۆژنامەی "فایننشال تایمز" لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، گۆڕانکاری لە بزوێنەرە کلاسیکییەکانەوە بۆ کارەبایی ڕووبەڕووی گرفتی نوێ بووەتەوە کە دیارترینیان بریتین لە:

دابەزینی گەشە: پێشبینی دەکرێت گەشەی فرۆشتنی جیهانی لە 22%ـەوە بۆ 13% دابەزێت. 
هۆکاری سیاسی: بڕیارەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ لابردنی هاندەرەکانی باج  و نەرمکردنی یاساکانی یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە قەدەغەی ئۆتۆمبیلی بەنزین کە بڕیار بوو لە 2035 بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر بازاڕ دەبێت. 
بازاڕی چین: چین کە پێشتر بزوێنەری سەرەکی گەشەی جیهانی بوو، ئێستا بەهۆی کەمکردنەوەی پاڵپشتییەکان، گەشەکەی ڕووی لە سستی کردووە.

تێسلا لوتکە بۆ چینییەکان چۆڵ دەکات

یەکێک لە گەورەترین وەرچەرخانەکانی ساڵی 2025، پاشەکشەی کۆمپانیای تێسلا بوو. بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، تێسلا پێگەی خۆی وەک گەورەترین فرۆشیاری ئۆتۆمبیلی کارەبایی لەدەستدا و کۆمپانیای BYDی چینی پێشی کەوت.

- فرۆشتنی تێسلا لە سێ مانگی کۆتایی 2025 بە ڕێژەی 16% دابەزیوە و فرۆشی ساڵانەشی 9% کەمی کردووە.

- ئیلۆن مەسک لە بری جەختکردنەوە لەسەر زیادکردنی فرۆشتن، ئێستا سەرنجی خستووەتە سەر ئۆتۆمبیلی بێشۆفێر و ڕۆبۆتەکان.

 بۆچی کڕیاران لە ئۆتۆمبیلی کارەبایی دوور دەکەونەوە؟

شارەزایان پێشبینی دەکەن هۆکاری دوور کەوتنەوەی کڕیاران لە ئۆتۆمبیلی کارەبایی بۆ"کێشەی ژێرخان وەک کەمیی وێستگەکانی شەحنکردنەوە و ترسی کڕیاران لە ماوەی بڕینی ڕێگا، وایکردووە خەڵک دوودڵ بن لە کڕینی ئۆتۆمبیلی کارەبایی." جگە لەوەش چەند هۆکارێکی دیکەش هەن کە دیارترینیان بریتین لە:

بەرزیی نرخ: هێشتا ئۆتۆمبیلی کارەبایی لە جۆرە کلاسیکییەکان گرانترە.

تێچووی بەرهەمهێنان: بەرزبوونەوەی نرخی لیسیۆم و کۆباڵت گوشاری لەسەر کارگەکان دروست کردووە.

نرخی دووبارە فرۆشتنەوە: دابەزینی نرخی ئۆتۆمبیلی کارەبایی بەکارهاتوو لە بازاڕدا، کڕیارانی نیگەران کردووە.

شارەزایان کۆکن لەسەر ئەوەی کە پیشەسازیی ئۆتۆمبیلی کارەبایی لە قۆناغی "هەڵچوونی خێرا"وە چووەتە قۆناغی "پێگەیشتن و ئاڵۆزی"، داهاتووی ئەم کەرتەش بەستراوەتەوە بەوەی تا چەند کۆمپانیاکان دەتوانن تێچووەکان کەم بکەنەوە و حکوومەتەکان وێستگەی زیاتری شەحنکردنەوە دابین بکەن.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل