ئیخوانەکان بەنهێنی لە ئیستانبوڵ کۆبوونەوە

سەرەڕای فشاری نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان لەسەر کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین، ئەو کۆمەڵەیە بەنهێنی لە ئیستانبوڵ کۆبوونەوەتەوە، بە گوتەی چاودێران ئەم کۆبوونەوەیە ڕەنگدانەوەی هەوڵێکی ڕوون و ئاشکرایە بۆ چارەسەرکردنی دووبەرەکییە ناوخۆییەکان و ڕێکخستنەوەی ڕێڕەوی ڕێکخراوەیی و سیاسی و میدیایی کۆمەڵەکە.

کۆبوونەوەکە کە سەرکردەکانی کوتلە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵەکەی لەخۆگرتبوو، هەر لەوبارەوە، ماهر فەرغلی، شارەزای کاروباری گرووپەکان، بە سکای نیووزی ڕاگەیاند، دەزگایەکی ناوەندی لەناو کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین ناسراو بە دەزگای پلاندانان هەیە. ئەرکی سەرەکی بریتییە لە پێداچوونەوە بە پێکهاتەی ڕێکخراوەیی و سیاسەتە گشتییەکان.

بە گوتەی فەرغلی، ئەم دەزگایە لەم دواییانەدا چالاک بووە و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی گرنگی ئەنجامداوە، کۆبوونەوەکانیش لە چوارچێوەی پێداچوونەوەی ناوخۆیی گشتگیرە لە کۆمەڵەکە.

فەرغلی گوتیشی: لە کۆبوونەوەکەدا 43 سەرکردە کە نوێنەرایەتی 43 لقی ئیخوان موسلیمین لە سەرانسەری جیهاندا دەکەن ئامادەبوون،  ئەم کۆبوونەوەش لەکاتێکدایە کە گفتوگۆکان لەسەر سەرکردایەتی کۆمەڵەکە زیادی کردووە، بە گوتەی فەرغلی، ناوی جێگرەوەی سەرکردایەتی کۆمەڵەکە لە دەرەوەی میسر پێشنیاز کراوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ قووڵایی ناکۆکییەکانی ناو پێکهاتەی سەرکردایەتی.

 ئەو شارەزایەی گرووپەکان باسی لەوەشکرد، کۆبوونەوکەی ئیستانبول لەدوای بڕیارەکەی ئەمەریکا دێت کە ئەم کۆمەلەیەی خستە ڕیزی تیرۆر، سەرەڕای ئەوەی هەندێک لە سەرکردەکانی ئیخوان موسلیمین نکۆڵی لە بەشداری کەسایەتییە دیارەکانی میسر دەکەن یان کۆبوونەوەی ڕووبەڕوو لەنێوان لایەنەکانی ململانێی میسردا دەکەنەوە.

جەختشی کردەوە، پێش کۆبوونەوەکە عەبدولڕەزاق مەقەری و هەردوو لایەنی میسری کۆبوونەوەتەوە بۆئەوەی هەوڵی پڕکردنەوەی ئەو درزانە بدەن کە خەریکە ڕێکخستنەکانی میسری و نێودەوڵەتیی لەیەک جیا دەکاتەوە.

فەرغلی ئەو بابەتانە دەخاتەڕوو کە لەم کۆبوونەوەیانەدا گفتوگۆیان لەسەر کراوە، بەپلەی یەکەم داڕشتنەوەی هەیکەلیەتی رێکخراوە نێودەوڵەتیەکە و ڕاگەیاندنی بەرەیەکی نوێیە کە ناوی ئیخوان موسلیمین هەڵناگرێت. 

ئاماژەی بەوەشدا، لە گفتوگۆکاندا باس لە دۆسیە ناوچەییەکان کراوە، بەتایبەتی یەمەن و سوودان و لیبیا و هەوڵدان بۆ سوود وەرگرتن لە ململانێ بەردەوامەکان، هەورەها باس لە قەیرانی ڕێکخراوەکە لە تونس و بڕیارە توندەکانی دادوەری دژی سەرکردەکانی ئەو کۆمەڵەیە کراوە، لە سەرووی هەموویانەوە بڕیارەکانیی دادوەری دژی ڕاشد غەنوشی.

سەبارەت بە قەیرانی دارایی ڕێکخستنەکانی میسر و نێودەوڵەتی کۆمەڵەکە، فەرغلی ڕوونی کردەوە، ڕێکخستنەکانی میسر گورزێکی دارایی گەورەی بەرکەوتووە، دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی میسر سەرکەوتوو بوون لە هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوە و کۆمپانیاکانی ئەو کۆمەڵەیە، لە کاتێکدا ڕێکخستنە نێودەوڵەتییەکە لە ڕووی داراییەوە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر نەبووە، پارێزگاری لە تۆڕێکی هەمەچەشنی وەبەرهێنان کردووە کە بریتییە لە دامەزراوە پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییەکان، کۆمپانیا تایبەتەکان، وە وەبەرهێنانی بازرگانی و پیشەسازی و بانکی لە چەند ناوچەیەکدا.

ڕۆژی دووشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، فەرمانێکی جێبەجێکاری واژۆ کرد بۆ گرتنەبەری ڕێکارەکان بۆ ناساندنی هەندێک لقی ئیخوان موسلیمین وەک "ڕێکخراوی تیرۆریستی بیانی."

لە فەرمانە جێبەجێکارییەکەی ترەمپ دا هاتووە، ئەو پرۆسەیەی دەستپێدەکەن بریتییە لەوەی هەندێک لە لقەکانی ئیخوان موسلیمین بە ڕێکخراوی تیرۆریستی بیانی دادەنرێن، بەتایبەتی ئەو لقانەی لە لوبنان، میسر و ئوردن هەن.  

لە فەرمانەکەدا باس لەوەشکراوە، هەندێک لە لقەکان ئاسانکاریی و توندوتیژیی بۆ تێکدانی سەقامگیریی دەکەن کە زیان بە ناوچەکە و بە هاووڵاتیان و بەرژەوەوندییەکانی ئەمەریکا دەگەیەنێت. 

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل