دەروازەی سنووری کێلێ بەڕووی گەشتیاراندا کرایەوە
دوای 11ڕۆژ لە داخرانی بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە، ئەمڕۆ هاتوچۆی گەشتیاری لە دەروازەی سنووری کێلێ (لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران) دەستی پێکردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 6ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەبوبەکر بایز، قایمقامی پشدەر، بە ئاراس ئەمین، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕایگەیاند: "هۆکاری داخرانی دەروازەکە بۆ بارینی بەفرێکی زۆر و دروستبوونی گرفت لە یەکێک لە تاوەرەکانی ئینتەرنێت دەگەڕایەوە کە مامەڵەی پاسپۆرتی گەشتیارانی پێ ڕادەپەڕێندرا."
قایمقامی پشدەر ئاماژەی بەوەش کرد؛ ئێستا ڕێگاکە کراوەتەوە و گەشتیاران دەتوانن هاتوچۆ بکەن، هەروەها بڕیارە سبەینێ هاتوچۆی بازرگانیش لە دەروازەکەدا ئاسایی ببێتەوە.
