بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان: بەفری قەندیل و ڕۆژهەڵات مایەی خۆشحاڵییە
کۆچەر جەمال، بەڕێوبەری بەنداوی دوکان، وێنەی ناوچە شاخاوییەکانی قەندیل و بەشێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بڵاوکردووەتەوە، کە بەفر بە تەواوەتی دایپۆشیوە و نووسیویەتی " مایەی خۆشحاڵی زۆرە بۆ دەریاچەی دوکان"
کۆچەر جەمال، ئەمڕۆ سێشەممە، 6ـی کانوونی دووەمی 2026، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک وێنەیەکی مانگی دەستکردی دەریاچەی دوکانی بڵاوکردووەتەوە و لەسەری نووسیوە "دیمەنی بەفر بارینی ئەو ناوچانەی ( قەندیل ، پیرانشار ، سەردەشت ) کە کاریگەریان لەسەر دەریاچەی دوکان هەیە و ئاوەکەیان بەرەو دوکان دێت، مایەی خۆشحاڵی زۆرە بۆ دەریاچەی دوکان".
هەر لە بارەی ئاستی ئاوی گلدراوەی بەنداوی دوکان، کۆچەر جەمال تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە دوای ئەو دوو شەپۆلە بارانەی ئەم دواییە، ئاستی ئاوی دەریاچەی دوکان، بەشێوەی ستوونی زیاتر لە چوار مەتر و 50 ساتیمەتر زیادی کردووە.
گوتیشی: ئەو بەفرەشی لە ناوچە شاخەواییەکانی پشتی بەنداوی دوکان باریوە، تاوەکوو سنووری شارەکانی پیرانشار و سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جیا لەوەی کاریگەرە بۆ زیادبوونی ئاوی ژێرزەوی، ئاوی بەفری تواوەی ئەو ناوچانە دەڕژێنە دەریاچەی دوکان و ئاوی زیاتر گلدەدرێتەوە.
بە گوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران بەڕێوەیە، هەروەها مەزندە دەکرێت لە کوێستانەکانی قەندیل و ناوچە سنوورییەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەفری زستان تاوەکوو سەرەتای هاوین بمێنێت و ڕەش نەبێتەوە، بەمەش ئاوێکی زۆری ڕووبار و کانیاوەکانی ئەو ناوچانە دەڕژێنە نێو بەنداوی دوکان.
هەروەها بەڕێوبەری بەنداوی دوکان ئاماژەیدا، ئێستا گلدانەوە بەراورد بە بەردانەوەی ئاو لە بەنداوی دوکان، حەوت هێندەیە.
بەنداوی دوکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە ساڵانی 1954 تا 1959 لەسەر ڕووباری زێی بچووک دروستکراوە و سەرچاوەی سەرەکی ئاوی بەنداوەکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دێت.
تاوەکوو ئێستا دووجار بەنداوی دوکان پڕبوونی پێوانەیی تۆمارکردووە و لە ڕێڕەوی (بیڵ ماوس یان سپیڵ وەی) سەرڕێژی کردووە، جاری یەکەم لە ساڵی 1988 دا بووە و جاری دووەمیش لە 2ی نیسانی 2019 سەرڕێژی کرد، کە بەرزی بیل ماوسەکە لە سەرەوەی 22 مهتره.
