ئەکسیۆس: بنیاتنانەوەی کەرتی نەوتی ڤەنزوێلا دەیان ساڵ و ملیاران دۆلاری دەوێت

لە کاتێکدا سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بنیاتنانەوەی کەرتی نەوتی ڤەنزوێلا لە ماوەی 18 مانگدا نیشان دا، ڕاپۆرتێکی پێگەی ئەکسیۆس بە پشت بەستن بە بۆچوونی پسپۆڕان ئاشکرای دەکات کە وێرانکاریی 25 ساڵەی ئەو کەرتە بۆ چاککردنەوەی پێویستی بە نزیکەی 183 ملیار دۆلار هەیە و کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش بەهۆی ناسەقامگیریی یاساییەوە بۆ گەڕانەوە دوودڵن.

سێشەممە 6ـی کانوونی دووەمی 2026، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی ڕاپۆرتێکی شیکاری سەبارەت بە بنیاتنانەوەی کەرتی نەوتی ڤەنزوێلا لەلایەن کۆمپانیا کانی ئەمەریکا بڵاوی کردووەتەوە، تێیدا ئاماژەی داوە، ڕێژەی تێچووی بنیاتنانەوەی کەرتی نەوتی ڤەنزوێلا تاوەکوو ئێستا دیار نییە، بەڵام زۆربەی پسپۆرەکان ڕایان وایە تێچووەکەی زۆر دەبێت، هاوکات هیچ گەرەنتییەکیش نییە کە کۆمپانیاکانی ئەمەریکی زۆر بە پەرۆش بن بۆ ئەوەی کاری تێیدا بکەن.

بەهۆی خراپی بەڕێوەبردنی بەرهەمهێنان و پرۆسەی دەرهێنانی نەوتی خاوی ڤەنزوێلا، بەرهەمهێنانی نەوت بەراورد بە ساڵی نۆوەتەکان دوو ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت لە لە ڕۆژێکدا کەمی کردووە، کە ئەوکات سێ ملیۆن 500 هەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە بەرهەم دەهات، بەڵام ئێستا تەنیا ملیۆنێک بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرێت.

پاڤێڵ مۆڵچانۆڤ، شیکەرەوە لە دامەزراوەی (ڕایمۆند جەیمس) هۆشداری دەدات و دەڵێت:کێشەکە تەنیا هی ئەمڕۆ و دوێنێ نییە، بەڵکوو ماوەی 25 ساڵە کەرتی نەوتی ئەو وڵاتە فەرامۆش کراوە و نۆژەن نەکراوەتەوە، بۆیە ژێرخانەکەی بە تەواوی داڕماوە.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، تاوەکوو ژینگەیەکی لەبارو و یاسا و مەرجەکانی باج و دابەشکردنی قازانج هەموار نەکرێنەوە، هیچ بەرەوپێشچوونێک لە کەرتی نەوتی ڤەنزوێلا ناکرێت.

بەگوتەی شیکەرەوەکان، دەکرێت بەشێک لە بەرهەمهێنانی نەوتی ڤەنزوێلا بە خێرایی ببووژێتەوە لە ڕێگەی زیادکردنی بەرهەمی ئەو بیرانەی کە لە ئێستادا هەن و هێشتا کار دەکەن.

کلایتن سیگڵ، شارەزای نەوت لە سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی دووشەممە گوتی: پێم وایە دەستکەوتە ئاسانەکان دەتوانن نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیلی دیکە ڕۆژانە بخەنە بازاڕەوە لە ڤەنزوێلا.

سیگڵ پێشبینی ماوەی 1 بۆ 2 ساڵ دەکات بۆ ئەم قۆناغە، لەگەڵ گرتنەبەری چەند هەنگاوێک وەک: گۆڕینی بۆری و چوارچێوەی بیرەکان، هاندانی زیاتری چینەکانی ژێر زەوی بۆ ئەوەی نەوت و گازی قەتیسماو ئاسانتر بێنە دەرەوە، زیادکردنی پەستانی میکانیکی و چەندین کاری تر.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دوێنێ دووشەممە بە ئێن بی سی نیووزی ڕاگەیاندبوو، ڕەنگە وڵاتەکەی پاڵپشتی دارایی ئەو هەوڵانە بکات کە کۆمپانیا نەوتییەکان دەیدەن بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە پرۆژەیەک کە بە گوتەی ئەو ڕەنگە کەمتر لە 18 مانگی پێ بچێت.

ترەمپ گوتی: پێم وایە دەتوانین لە کەمتر لەو ماوەیەدا ئەنجامی بدەین، بەڵام پارەیەکی زۆری دەوێت. بڕێکی خەیاڵی پارە دەبێت خەرج بکرێت و کۆمپانیاکانی نەوت خەرجی دەکەن، دواتر ئێمە پارەکەیان بۆ دەگێڕینەوە یان لە ڕێگەی داهاتی نەوتەکەوە وەریدەگرنەوە.

سیگڵ و پسپۆڕانی دیکە ئاماژە بەوە دەکەن کە گەڕاندنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بۆ لووتکەی ساڵانی پێشوو، کارێکی زۆر قورسترە و کاتی زۆرتری دەوێت.

ئەمە پێویستی بە وەبەرهێنانە لە کارەبا، هێڵەکانی گواستنەوە (بۆرییەکان) و ژێرخانی مامناوەند ، هەروەها دروستکردنی وێستگەی نوێ و نۆژەنکراوە بۆ ئامادەکردنی نەوتە قورسەکەی ڤەنزوێلا بۆ پاڵاوتن.

توێژەرانی دامەزراوەی وزەی زانکۆی کۆڵۆمبیا دەخەمڵێنن کە گەیشتن بە 2.5 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، پێویستی بە 80 بۆ 90 ملیار دۆلار وەبەرهێنانە لە ژێرخانی نەوتدا لە ماوەی شەش بۆ حەوت ساڵدا.

شیکارییەکی نوێی "ڕایستاد ئینێرجی" خەمڵاندنی تێچووی گشتی بە 183 ملیار دۆلار داناوە بۆ تێپەڕاندنی 3 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ماوەی 15 ساڵدا کە دابەش دەبێت بەسەر کۆمپانیای حکوومی PDVSA، خەرجیی نیشتمانی و کۆمپانیا تایبەتەکان.

هەروەها نرخی مامناوەندی نەوت و بوونی دەرفەتی وەبەرهێنان لە شوێنی دیکە، بەربەستن لەبەردەم ئەم خواستەدا، بەڵام سەرنجێکی نوێی دامەزراوەی ود ماکێنزی دەڵێت: کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوت و کۆمپانیا حکوومییە گەورەکان هێشتا ڤەنزوێلا بە شوێنێکی سەرنجڕاکێش دەبینن، بەتایبەت بەهۆی نزیکیی جوگرافی لە پاڵاوگەکانی کەناراوەکانی کەنداوی ئەمەریکا.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل