هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ: بە بۆردوومانی هێزەکانی سەر بە حکوومەت 29 کەس بوونە قوربانی
هێزەکانی ئاسایشی سەر بە هەسەدە ئاماری بۆردوومانە چڕەکەی سەر گەڕەکەکانی حەلەبی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، هێزەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق بە بەکارهێنانی تانک و مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر ناوچە مەدەنییەکان، کە بە هۆییەوە 29 هاووڵاتی بوونەتە قوربانی و پێکدادانی قورسیش بەردەوامە.
سێشەممە، 6ی کانوونی دووەمی 2026، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش)ی سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە و بەنی زەید لە شاری حەلەب، ڕووبەڕووی هێرشێکی بەرفراوان و بۆردوومانێکی توند بوونەتەوە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشقەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایشی سەر بە هەسەدە، هێرشەکە لە ڕێگەی تانک، تۆپخانەی قورس، ڕاجیمەی گراد و کاتیۆشا و گولەهاوەنەوە کراوەتە سەر ئەو گەڕەکانە کە شوێنی نیشتەجێبوونی زیاتر لە 600 هەزار هاووڵاتی مەدەنین.
بۆردوومانەکە بە دیاریکراوی ناوچەکانی مەغسەلەی جەزیرە، مزگەوتی حەسەن، مزگەوتی گەورەی شێخ مەقسوود، شەقامی مۆبیلیات لە ئەشرەفییە، شەقامی 15 و 20، گۆڕەپانی شەهیدان، شەقێف و نیشتەجێبوونی گەنجانی گرتووەتەوە.
ئاسایشی ناوخۆ ئاشکرای کردووە کە لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانەدا، 3 هاووڵاتی مەدەنی شەهید بوون، هەروەها 26 هاووڵاتی دیکە بریندار بوون، کە لەنێوانیاندا منداڵی تەمەن 2 ساڵ و 3 ساڵ و هاووڵاتی بەساڵاچووی تەمەن 85 ساڵ هەن.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە هەسەدە جەختیان کردەوە کە لە چوارچێوەی مافی بەرگریدا وەڵامی سەرچاوەی هێرشەکانیان داوەتەوە و توانیویانە 5 هەوڵی دزەکردنی ئەو گرووپانە بۆ ناو گەڕەکەکان پووچەڵ بکەنەوە و زیانی گیانیان پێ بگەیەنن.
ئاسایش ئاماژەی بەوەش داوە، دوای هێوربوونەوەیەکی کاتی کە نزیکەی دوو کاتژمێری خایاند، جارێکی دیکە گرووپەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق دەستیان کردەوە بە بۆردوومانکردنی ئەو گەڕەکانە بە شێوەیەکی توندتر.
