کۆشکی سپی: هێزی سەربازیی هەمیشە یەکێکە لە بژاردەکان

گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دەڵێت: بەکارهێنانی هێزی سەربازیی بۆ یەکلاکردنەوەی پرسەکان، هەمیشە بژاردەیەکی ئامادەیە؛ ئەمەش وەک پەیامێکی هەڕەشە دەخوێندرێتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی دوورگەی گرینلاند.

کارۆلین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت: "سەرۆک ترەمپ و تیمەکەی بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە گرنگەی سیاسەتیی دەرەوەی وڵات، تاوتوێی بژاردەکان دەکەن. بێگومان بەکارهێنانی هێزی سەربازیی هەمیشە بژاردەیەکە لەبەر دەستی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا."

لێڤیت ئاماژەی بەوەش کرد، لکاندنی گرینلاند بۆ سەرۆک ترەمپ "ئەولەوییەتی ئاسایشی نیشتمانییە" و هەنگاوێکی گرنگە، بۆ بەرپەرچدانەوەی نەیارەکانی واشنتن لە ناوچەی جەمسەری باکوور.

ئەم بابەتە دوای ئەوە هات کە کاتی میلەر، هاوسەری جێگری سەرۆکی دیوانی کۆشکی سپی، وێنەیەکی دوورگەی گرینلاندی بڵاوکردەوە کە ئاڵای ئەمەریکای پێوە بوو، ئەمەش توڕەیی دانیمارک و سەرکردەکانی ئەو دوورگەیەی لێکەوتەوە.

نەخشەی گرینلاند بە ئاڵای ئەمەریکاوە

 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە ناو فڕۆکەی سەرۆکایەتی (Air Force One) بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: " کەشتییەکانی ڕووسیا و چین لە هەموو شوێنێکی گرینلاند بڵاوبوونەتەوە. ئێمە لە ڕوانگەی ئاسایشی نیشتمانییەوە پێویستمان بەو دوورگەیە هەیە." 

ترەمپ بە گاڵتەجاڕییەوە باسی توانای بەرگریی دانیمارکی لەو ناوچەیە کرد و گوتی: "دەزانن دانیمارک بۆ پتەوکردنی ئاسایش لە گرینلاند چی کردووە؟، تەنیا یەک سەکۆی دیکەی سەگیان (بۆ ڕاکێشانی عارەبانە) زیاد کردووە."

لەلایەکی دیکەوە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە ئەندامانی کۆنگرێسی ڕاگەیاندووە کە هێرشی سەربازی بۆ سەر گرینلاند لە ئارادا نییە، بەڵکو ئامانجی سەرەکی کڕینەوەی دوورگەکەیە.

لە بەرانبەردا، مێتە فرێدریکسن، سەرۆک وەزیرانی دانیمارک هۆشداری توندی دا و ڕایگەیاند، هەر دەستوەردانێکی سەربازیی ئەمەریکا بۆ سەر وڵاتێکی ئەندام لە ناتۆ، بە واتای کۆتاییهاتنی ئەو هاوپەیمانییە و تێکچوونی ئەو ئاسایش و سەقامگیرییە دێت کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە هاتووەتە دی.

هاوکات جێنس فرێدریک نیلسن، سەرۆکی حکوومەتی گرینلاند، وێڕای ئیدانەکردنی لێدوانی بەرپرسانی ئەمەریکا، ڕایگەیاند: "وڵاتەکەمان بۆ فرۆشتن نییە."

دوورگەی گرینلاند بە گەورەترین دوورگەی جیهان دادەنرێت و خاوەن پێگەیەکی ستراتیژیی گرنگە، بەتایبەت لە ململانێی نێوان زلهێزەکان لە ناوچەی جەمسەری باکووردا.