سامسۆنگ پێشبینی دەکات قازانجێکی پێوانەیی تۆمار بکات
کۆمپانیای سامسۆنگ، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، پێشبینی دەکەن قازانجی بەکاربەری ئەم وەرزەیان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزببێتەوە و ریکۆردێکی نوێ تۆمار بکات، ئەمەش بەهۆی گرانبوونی نرخی ئەو چیپانەی لە تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرددا (AI) بەکاریدێنن.
ئەو کۆمپانیا زەبەلاحەی کۆریای باشوور پێشبینی دەکات، قازانجی بەکاربەر لە وەرزی کۆتایی ئەمساڵدا بگاتە نزیکەی 20 تریلیۆن وۆن (کە دەکاتە نزیکەی 13.8 ملیار دۆلار). ئەم ژمارەیەش نزیکەی سێ هێندەی قازانجی هەمان ماوەی ساڵی رابردووە و بەرزترین ئاستی قازانجی وەرزییە لە مێژووی کۆمپانیاکەدا.
سامسۆنگ ئەم هەڵکشانە گەورەیە بۆ گەشەسەندنی بەردەوامی بواری ژیریی دەستکرد دەگەڕێنێتەوە، کە بووەتە هۆی زیادبوونی خواستێکی زۆر لەسەر چیپە کوالێتی بەرزەکان. ئەم خواستە زۆرەش وایکردووە کورتهێنان لە خستنەڕووی چیپەکان لە بازاڕە جیهانییەکاندا دروست ببێت و بەو هۆیەشەوە نرخەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزببێتەوە.
کۆمپانیای سامسۆنگ یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی چیپی کۆمپیوتەر لە جیهاندا. کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم ئامارانە تەنیا خەمڵاندنی سەرەتایین بۆ قازانجەکان و بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا راپۆرتی ورد و کۆتایی ئەنجامە داراییەکانی بڵاو بکاتەوە.