بە پشکنینێکی خوێن لە ماڵەوە نەخۆشی زەهایمەر دەستنیشان دەکرێت
لێکۆڵینەوەیەکی نوێی پزیشکی، پشکنینێکی نوێی خوێنی داهێناوە و بە وەرچەرخانێکی زانست تایبەت بە دەستنیشانکردنی نەخۆشی زەهایمەر دەزانرێت، تایبەتمەندی پشکنینەکە ئەوەیە، بەبێ سەردانی تاقیگە و ناوەندە تەندروستییەکان، لە ماڵەوە نموونەی خوێن وەدەگیرێت و بە خێرایی ئەنجامی پشکنینەکە دەردەچێت.
تیمێکی توێژەر لە چەند پەیمانگا و زانکۆیەکی جیهانییەوە، پشکنینێکیان پەرەپێداوە کە تەنیا لە ڕێگەی شیکردنەوەی دڵۆپە خوێنێکەوە، ئەو پڕۆتینانە دەدۆزێنەوە کە پەیوەندییان بە نەخۆشیی زەهایمەرەوە هەیە.
ئەم تەکنیکە نوێیە لەسەر بنەمای وەرگرتنی نموونەی خوێن لەلایەن کەسەکەوە لە ماڵەوە و ناردنی بۆ تاقیگە لە ڕێگەی پۆستەوە کار دەکات. توێژەران پێیان وایە ئەمە گۆڕانکارییەکی نوێ و کاریگەرە لە پشکینەکانی تایبەت بە نەخۆشی زەهایمەر دروست دەکات، چونکە پشکنینە ئاسایییەکان پێویستیان بە تیمی پزیشکی و ئامێری پێشکەوتوو هەیە.
ئەنجامەکانی ئەم پشکنینە کە لەسەر 337 کەس تاقیکراوەتەوە، دەریخستووە کە ئەم تەکنەلۆژیا نوێیە بە وردی توانای دۆزینەوەی پڕۆتینەکانی زەهایمەر و گۆڕانکارییەکانی دیکەی مێشک هەیە کە پەیوەستن بەم نەخۆشییەوە.
لەمبارەیەوە، نیکۆلاس ئاشتن، سەرپەرشتیاریی لێکۆڵینەوەکە و توێژەر لە پەیمانگەی "بانەر هێڵس" لە ئەریزۆنا دەڵێت: "ئەم داهێنانە شۆڕشێک لە توێژینەوەکانی تایبەت بە نەخۆشی زەهایمەردا بەرپا دەکات. ئەو نیشاندەرە بایۆلۆژییانەی پزیشکان بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە بەکاری دەهێنن، ئێستا دەکرێت تەنیا بە کون کردنێکی سادەی سەری پەنجە، لە ماڵەوە ئەنجامەکە بزانێت."
ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە چەند ساڵێکی ماوە بۆ ئەوەی ئەم پشکنینە بە شێوەیەکی گشتی لە کلینیکەکاندا بەکاربهێنرێت، بەڵام ئاسۆیەکی نوێی بۆ توێژینەوەکان کردووەتەوە کە پێشتر مەحاڵ بوون، بەتایبەت بۆ گەیشتن بەو ناوچانەی کە دوورەدەستن و خزمەتگوزاریی پزیشکییان وەک پێویست نییە.
لەلایەکی دیکەوە، ئان کۆربێت، مامۆستای توێژینەوەکانی نەخۆشییەکانی بیرچوونەوە لە زانکۆی ئێکسێتەر دەڵێت: "ئێمە بەرەو داهاتوویەک هەنگاو دەنێین کە هەر کەسێک لە هەر شوێنێک بێت، بتوانێت بەشداری لە پەرەپێدانی تێگەیشتنمان بۆ نەخۆشییەکانی مێشک بکات. ئەمە تەنیا پێشکەوتنێکی تەکنیکی نییە، بەڵکو وەرچەرخانێکە لە زانستی دەماردا."
نەخۆشیی زەهایمەر، کە جۆرێکی باوی نەخۆشییەکانی لەبیرچوونەوەیە، کاردەکاتە سەر یادگە، بیرکردنەوە و ڕەفتاری مرۆڤ. تاوەکوو ئێستا ئەم نەخۆشییە زیاتر لە ڕێگەی تیشکی مێشک یان شیکردنەوەی شلەی دڕکەپەتک دەستنیشان دەکرێت، کە ئەمانە ڕێگەی ئاڵۆزن و تێچوویان زۆرە.