براندن کار: هەر دەزگایەکی میدیا هەواڵی چەواشە بڵاو بکاتەوە مۆڵەتەکەی لێ وەردەگیرێتەوە

بەرزترین دەستەی سەرپەرشتیاری پەیوەندییەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هۆشداری دەداتە دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە دەرەنجامەکانی بڵاوکردنەوەی زانیاریی چەواشەکارانە لە کاتی ڕووماڵکردنی جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەم هۆشدارییە هاوکاتە لەگەڵ ڕەخنە بەردەوامەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە میدیاکان بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست تۆمەتبار دەکات.

یەکشەممە 15ـی ئاداری 2026، براندن کار، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییە فیدراڵییەکان (FCC) کە سەرپەرشتیاری کەناڵەکانی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن و میدیای ئۆنلاین دەکات، ڕایگەیاند کە هەندێک لە دەزگاکانی پەخش ڕووبەڕووی مەترسی لەدەستدانی مۆڵەتەکانیان دەبنەوە بەهۆی ئەو ڕووماڵە میدیایانەی کە بە چەواشەکار دادەنرێن.

کار لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "یاساکە ڕوونە؛ ئەو دەزگایانەی هەواڵی درۆ و چەواشەکاری بڵاو دەکەنەوە، ئێستا دەرفەتیان لەبەردەمە بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوەکەیان پێش ئەوەی وادەی نوێکردنەوەی مۆڵەتەکانیان بێت." هەرچەندە ناوی هیچ دەزگایەکی نەهێناوە، بەڵام ئاماژەی بە سەرنجێکی ترەمپ کردووە کە تێیدا ڕەخنە لە ناونیشانێکی میدیایی دەگرێت سەبارەت بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر سعوودیە.

لە بەرانبەردا، دامەزراوەی داکۆکیکردن لە مافە تاکەکەسییەکان (FIRE) کە ڕێکخراوێکی ئەمریکییە بۆ داکۆکیکردن لە ئازادی ڕادەربڕین، ئەم هۆشدارییانەی براندن کاری بە دکتاتۆرانە وەسف کرد. ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند: "کاتێک حکوومەت هەڕەشەی سزا بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی چاپەمەنییەکان ببنە چاودێری دەسەڵات، ئەوا نیشانەی تێکچوونی بارودۆخەکەیە."

ئەم ئاڵۆزییانە دوای ئەوە دێت کە لە 28ی شوباتەوە، دۆناڵد ترەمپ و پیت هیگسێس، وەزیری بەرگری ئەمریکا، چەندین جار ڕاپۆرتە میدیاییەکانیان بە هەواڵی درۆ ناوبردووە. هەروەها ڕۆژی هەینی، کۆشکی سپی و پێنتاگۆن هێرشێکی توندیان کردە سەر تۆڕی "سی ئێن ئێن" و ڕاپۆرتێکی ئەو کەناڵەیان سەبارەت بە توانای ئێران بۆ داخستنی گەرووی هورمز بە ناڕاست وەسف کرد.