فاینانشیاڵ تایمز ناوی ئەو وڵاتانە ئاشکرا دەکات کە ترەمپ داوای ناردنی هێزیی لێ کردوون
رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز بڵاوی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە فەرمی داوای لە وڵاتانی چین، فەرەنسا، ژاپۆن، کۆریای باشوور و بەریتانیا کردووە هێزی دەریایی بنێرن بۆ ناوچەکە، تاوەکوو هاوکاری واشنتن بکەن لە کردنەوەی گەرووی هورمز بە زەبری هێز.
ئەم هەنگاوەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە ئێران بە کردەیی گەرووی هورمزی لە دەمی کەنداوی عەرەبیدا داخستووە، ئەوەش لە رێگەی هەڕەشەی تەقەکردن لە هەر کەشتییەک کە بیەوێت پێیدا تێپەڕیت. لە ئەنجامی ئەم ئاڵۆزییانەشدا، نرخەکانی نەوت و گاز لە بازاڕەکانی جیهاندا بە شێوەیەکی خێرا بەرزبوونەتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی"تروس" نووسیویەتی: "زۆرێک لە وڵاتان، بەتایبەتی ئەوانەی بەو داخرانە زیانمەند بوون، کەشتی جەنگی دەنێرن و لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەماهەنگی دەکەن بۆ کراوە هێشتنەوە و پاراستنی گەرووەکە." ترەمپ جەختی کردەوە کە ئەو وڵاتانەی جیهان کە نەوتیان لەو رێگەیەوە پێدەگات، دەبێت خۆیان پارێزگاری لەو رێڕەوە بکەن و ئاماژەی بەوەش دا کە ئەمریکا "هاوکارییەکی زۆریان" دەکات.
فەرەنسا یەکەم وڵات بوو هەڵوێستی هەبوو و بەڵێنی داوە لانی کەم 10 کەشتی جەنگی رەوانەی ناوچەکە بکات، هاوکات رۆژنامەی زە تایمزی بەریتانی لە زاری وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەیەوە ئاشکرای کردووە، لەندەن لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە سەرقاڵی گفتوگۆی چڕە لەسەر چۆنیەتیی پاراستنی ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی و بازرگانی لە گەرووی هورمز.
هەروەها چین، ژاپۆن و کۆریای باشوور: تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمییان سەبارەت بە ناردنی هێزی سەربازی یان بەدەمەوە چوونی داواکەی ترەمپ نەداوە، سەرەڕای ئەوەی ئاسایشی وزەی ئەو وڵاتانە بەستراوەتەوە بەو گەرووەوە.
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایی پەیامەکەیدا نووسیویەتی: ئەمە دەبوو هەمیشە هەوڵێکی بەکۆمەڵ و تیمێکی نێودەوڵەتی بوایە، ئێستاش دەبێتە ڕاستی.