ئەندامێکی کۆنگرێس: 2500 سەربازی مارێنز بەرەو ئێران بەڕێکەوتوون
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، رایگەیاند کە 2500 سەربازی هێزی مارێنز بە فەرمانی پێنتاگۆن بەرەو ئاراستەی ئێران بەڕێکەوتوون، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی لەبارەی پەرەسەندنی زیاتری جەنگەکە دروست کردووە.
یەکشەممە 15ی ئاداری 2026، نانسی مەیس، ئەندامی کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، زانیاریی وردی دەربارەی جووڵەیەکی نوێی سەربازیی وڵاتەکەی ئاشکرا کرد.
مەیس رایگەیاند کە 2 هەزار و 500 سەربازی مارێنزی ئەمریکی ئێستا بەڕێوەن بەرەو ئێران، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی جەنگ لە ناوچەکەدا.
ئەم ئەندامەی کۆنگرێس ئاماژەی بەوەش دا کە زانیاریی زۆری لە لایە دەربارەی ئەوەی چی روودەدات، بەڵام جەختی کردەوە کە ئێستا کاتی ئاشکراکردنی هەموو وردەکارییەکان نییە و داوای کرد نزا بۆ سەلامەتیی سەربازەکان بکرێت.
ئەم لێدوانە هاوکاتە لەگەڵ راپۆرتەکانی پێشووتری میدیاکانی ئەمریکا کە باسیان لەوە کردبوو پێنتاگۆن فەرمانی کردووە 2 هەزار و 500 مارێنز لەگەڵ کەشتیی جەنگی بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێبکەون.