لە ئاکرێ ڕۆژانە 50 تۆن کووزەڵە ڕەوانەی بازاڕەکانی کوردستان دەکرێت
لە دەڤەری ئاکرێ جووتیاران لە هەر چوار وەرزی ساڵدا زەوییەکانیان بە بێ بەرهەم ناهێڵنەوە؛ ئەوان دوای دروێنەی برنج لە هاویندا، زستانان زەوییەکانیان تەرخان دەکەن بۆ چاندنی کووزەڵە و ڕۆژانە نزیکەی 50 تۆن لەو سەوزەیە ڕەوانەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
لە کەشێکی ئارامدا و لەبەر ئاوی بیر و کانیاو و ڕووبارەکان، ئەوان بە دەیان دۆنم کووزەڵە بەرهەم دەهێنن، ئەو زەوییانەی ئەم جووتیارانە بۆ ئەم بەرهەمە بەکاریدەهێنن، ئەوانەن کە لە وەرزی هاویندا برنجی لێ دەچێنن و دوای هەڵگرتنەوەی برنجەکە، کوزەڵەی تێدا دەچێنن.
هەینی نەسروڵڵا، جووتیار بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەم زەوییانەدا هاوینان برنجی تێدا دەچێنین، کاتێک لە پایزدا برنجەکەمان تەواو بوو، دەیكەینە کووزەڵە، سوپاس بۆ خوا ئێمە دوو سوودی لێ دەبینین، بازاڕەکەشی باشە و کڕیاری زۆرە، تەنانەت لە زاخۆوە تا سلێمانی کڕیارمان هەیە.
ئەو کووزەڵەیەی کە ئەم جووتیارانە بەرهەمی دەهێنن، لە ماوەی پێنج مانگدا بەردەوام دەدورێتەوە و دووبارە لەسەر ڕەگەکەی خۆی دەڕوێتەوە، لەبەر ئەوە ئەم جووتیارانە توانیویانە خێرێکی باشی لێ ببینن و خواستێکی باشیشی لەسەرە.
عەباس شێخۆ، جووتیار دەڵێت، ئێمە دوو سوود لەو زەوییانە دەبینین، لە بەهاردا دەکەینە برنج، لە زستانیشدا دەکەینە کوزەڵە، کوزەڵەیەکی خاوێنیشە و دەیشۆینەوە، ئاوەکەشی ئاوی ڕووبارە.
بەگوتەی لەزگین ئیبراهیمی جووتیار، ڕۆژانە هەر کەسێک هەزار بۆ هەزار و پێنج سەد دەسک ئامادە دەکات، لە دهۆک و هەولێر و ئاکرێ ساغ دەکرێنەوە، دەچێتە زۆرێک لە شارەکان، بەتایبەتی بازاڕەکەی لە دهۆک زۆر خۆشە، بە ڕاستی خەڵکی گوند خێرێکی باشی لێ دەبینن.
بەپێی ڕووپێوییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ئاکرێ، لەمساڵدا لەم دەڤەرە لەسەر ڕووبەری هەزار و دووسەد دۆنم زەوی، ئەم جۆرە سەوزەیە چێنراوە و بەرهەم هێنراوە. ڕۆژانەش بەرهەمەکەی دەگاتە سەرووی 40 بۆ 50 تۆن.