کارەکانی پڕۆژەی نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە هەولێر 55% تەواو بووە

پڕۆژەی نەخۆشخانەی 150 قەرەوێڵەیی چارەسەری شێرپەنجە لە هەولێر، وەک یەکێک لە گەورەترین و پێشکەوتووترین پڕۆژە تەندروستییەکان لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، کارەکانی تێیدا بەردەوامە و هەنگاوی باشی بڕیوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2026، کارزان نیعمەت، بەڕێوەبەری ئەندازیاری لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند؛ تا ئێستا  55%ـی کارەکانی پڕۆژەکە تەواو بووە. هيكەلی بیناکە کە لە 5 نهۆم پێکهاتووە تەواو کراوە و ئێستا کار لە قۆناغی کۆتایی (فینیشینگ) و ناوەوەی بیناکەدا دەکرێت.

دەشڵێت:  ئەم نەخۆشخانەیە تەنیا وەک بینایەک نابێت، بەڵکو وەک "شارێکی پزیشکی" دیزاین کراوە. هەموو جۆرەکانی دەستنیشانکردن، پشکنینی پێشوەختە، چارەسەری تیشکی، کیمیایی و نەشتەرگەری شێرپەنجەی تێدا دەبێت. هەروەها باشترین و نوێترین ئامێرە پزیشکییەکانی جیهان بۆ نەخۆشخانەکە داواکراون. هەروەها پڕۆژەکە پلانی هەیە بۆ پێگەیاندن و ڕاهێنانی کادری پزیشکی و پزیشکی پسپۆڕ لە چوارچێوەی گرێبەستەکەدا.

 ئاماژەی بەوەش دا، تەنیا لە بەشی چارەسەری کیمیاییدا، نەخۆشخانەکە توانای هەیە لە یەک کاتدا چارەسەر بۆ 90 نەخۆش دابین بکات.

تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی ئەوەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە پێویستیان بە سەردانکردنی دەرەوەی وڵات نەبێت و هەموو خزمەتگوزارییەکان بە ستانداردێکی جیهانی لە ناوخۆدا پێشکەش دەکرێن.