ڕووسیا ژێردەریاییەک و چەند کەشتییەک ڕەوانەی کەناراوەکانی ڤەنزوێلا دەکات

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا بڵاویکردووەتەوە، ڕووسیا ژێردەریاییەک و چەند کەشتییەکی بۆ هاوکاری و گەڕاندنەوەی کەشتییەکی کۆن و نەوتهەڵگری ڤەنزوێلا کە بە "بێلا 1" ناسراوە ڕوانە دەکات، ئەمەش دەبێتە خاڵێکی نوێ بۆ دروستبوونی گرژی لە نێوان ئەمەریکا و ڕووسیادا.

چوارشەممە 7ـی کانوونی دووەمی 2026، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆڕناڵ بڵاویکردەوە، کەشتی "بێلا1"ـی ڤەنزوێلا، زیاتر لە دوو هەفتەیە هەوڵی خۆ دزینەوە و ڕاکردن لە دەستی هێزەکانی ئەمەریکا دەدات، سەرەڕای ئەوەی بە هۆی سزاکانی ئەمەریکاوە نەیتوانیووە نەوت لە بەندەرەکانی ڤەنزوێلا بار بکات، بەڵام هێشتا لە چوارچێوەی ئەو سزایانەی ڕایگەیاندووە، دەیەوێت دەست بەسەر ئەو کەشتییەدا بگرێت.  

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمەریکا لە زەریای ئەتڵەسی بەدوای کەشتییەکەدا دەگەڕێن، ئەمەش لە چوارچێوەی هەڵمەتی ئەمەریکایە بۆ دەست بەسەرداگرتنی ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرانەی سزایان بەسەردا سەپێندراوە، بە تایبەت ئەوانەی بە نایاسایی نەوت دەگوازنەوە، هاوکات ئەوانەشی بۆ بازاڕی ڕەشی ڕووسیا کاردەکەن، سزاکان دەیانگرێتەوە. 

ڕۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، تیمی کەشتییەکەی ڤەنزوێلا جارێک لە دەستی هێزەکانی ئەمەریکا ڕزگاری بووە و نەتوانراوە دەستی بەسەردا بگرن، دوای ئەوە بۆ خۆدزینەوە لە هەوڵەکانی ئەمەریکا ناوی کەشتییەکەیان گۆڕیوە بۆ "مارینێرا" هاوکات ئاڵای ڕووسیایان لەسەر کەشتییەکە نەخشاندووە و ناوی خاوەندارێتییەکەیان بۆ سەر ڕووسیا گواستووەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ڕووسیا داوای لە ئەمەریکا کردووە واز لە ڕاوکردنی ئەو کەشتییە بهێنێت، هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، ڕایگەیاندووە، "بە نیگەرانییەوە بەدواداچوون بۆ دۆخەکە دەکەن و دەبێت ئەو کێشەیە بە ڕێگایەکی گونجاو لەگەڵ ئەمەریکا چارەسەر بکرێت". 

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆمارکردنی کەشتییەکە لەژێر ئاڵای ڕووسیادا، لە ڕووی یاساییەوە، هەوڵی ئەمەریکا بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتییە ئاڵۆزتر دەکات.

لەمبارەیەوە شارەزایان پێیانوایە، هەر هەوڵێکی هێزەکانی ئەمەریکا دەتوانێت دەرگا بەڕووی کاردانەوەکانی ڕووسیادا بکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆکاری  پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات، هاوکات کاریگەری نەرێنی لەسەر ڕێککەوتنی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیاش دەبێت، چونکە ئەمەریکا وەکو نێوەندگیر کاردەکات بۆ ڕاگرتنی جەنگی نێوان هەردوو وڵات.