سعوودیە و ئیمارات لە هاوپەیمانییەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی

دیمەنێکی بۆمبارانەکەی سعوودیە بۆ سەر بەندەری  موکەلا.
دیمەنێکی بۆمبارانەکەی سعوودیە بۆ سەر بەندەری موکەلا.

گرژییەکانی نێوان ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو و سعوودیە لەسەر داهاتووی یەمەن و ئەگەری نزیکی ڕاگەیاندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی باشوور، گەیشتووەتە ئاستێکی ترسناک، بەجۆرێک سعوودیە، ئیمارات بە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی تۆمەتبار دەکات.

چوارشەممە، 7ـی کانوونی دووەم 2026، ڕۆژنامەی گاردیان لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی "ناکۆکیی نیوان ئەو دوو وڵاتە، لەوانەیە جەنگێکی ناوخۆ لە باشووری یەمەن هەڵبگیرسێنێت و بەرەو وڵاتانی دیکە، لەوانەش سوودان، پەل بهاوێت. ئێستا یەمەن بووەتە یەکێک لەو گۆڕەپانانەی کە ئەم دوو دەوڵەتە دەوڵەمەندەی کەنداو تێیدا ڕکابەری یەکتر دەکەن بۆ سەپاندنی هەژموونی سیاسی و کۆنترۆڵکردنی رێڕەوەکانی کەشتیوانی و بازرگانی.

زۆرێک لە چاودێران، بە دیپلۆماتکارانی ڕیازیشەوە، لایان وابوو ئیمارات  'کە زۆرجار وەک هاوبەشێکی بچووک بەڵام خاوەن ئایدۆلۆجیایەکی سەربەخۆ سەیر دەکرێت'  پاشەکشە دەکات و داوا لە ئەنجوومەنی ئینتیقالی باشوور دەکات پلانەکەی بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی دوا بخات، یان وازی لێ بهێنێت و لەبری ئەوە بە دانوستان ڕازی بێت بۆ وەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی یان بەشداریی لە حکوومەتی دانپێدانراوی یەمەندا."

سعوودیە هەمیشە یەمەنی وەک حەوشەی پاوانکراوی خۆی بینیوە، سەرەتا لە ساڵی 2015 هەوڵی دا بە هێرشی ئاسمانی حووسییەکان لە باکوور شکست پێ بهێنێت، پاشان لەژێر فشاری نێودەوڵەتیدا دەستی بە جووڵەی دیپلۆماسی کرد بەمەبەستی ئاشتکردنەوەی حوسییەکان لەگەڵ حکوومەتی دانپێدانراوی عەدەن. لە مانگی ڕابردوودا، ئیمارات، زۆرێک لە هێڵە سوورە گریمانەکراوەکانی لە یەمەن بەزاند، کە بووە هۆی ئەوەی سعوودیە بۆردومانی کۆمەڵێک ئۆتۆمبیلی سەربازی، کە لە بەندەری موکەلای یەمەن دابەزێنرابوون، بکات. ڕیاز، ڕایگەیاند "ئەو ئۆتۆمبیلانە لە ئیماراتەوە بۆ هێزەکانی ئەنجوومەنی ئینتقالی باشوور نێردرابوون."

دواتر، وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە ڕایگەیاند "شانشینیی سعوودی، جەخت دەکاتەوە کە هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی هێڵی سوورە و دوودڵ نابێت لە گرتنەبەری هەموو هەنگاو و ڕێوشوێنێکی پێویست بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەکی لەو شێوەیە."

ساڵانێکە ئیمارات بە بێدەنگی بیر لە دەرفەتە بازرگانییەکان لە یەمەن دەکاتەوە، بە سوودوەرگرتن لەو خواسته ڕاستەقینە و جەماوەرییەکان بۆ دووبارە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی باشوور، ئیمارات، ئەنجوومەنی ئینتیقالی باشووری وەک دۆست و هاوپەیمان هەڵبژارد؛ ئەمەش گرەوێکی زیرەکانە بوو. دواجار لە ساڵی 2019 ئەنجوومەنی ئینتقالی باشوور، وەک بەشێکی کاریگەر لە حکوومەتە دانپیدانراوەکەی عەدەن، دەرکەوت. بەڵام هەستی پەراوێزخرانیان لە لایەن حکوومەتەوە، بووە هۆی ئەوەی ئەنجوومەنەکە بە شێوازی حوکمی فیدراڵیی ڕازیی نەبێت و لە کۆتایی 2025 دا بە هێرشێکی چاوەڕواننەکراو، پارێزگاکانی حەزرەمەوت و شەبوەی لە باشوور، بە کێلگە نەوتییەکانەوە کۆنترۆڵ کرد. ئەمە زەبرێکی سیاسیی- سەربازیی توند بوو بۆ سعوودیە، ئیتر بەردەوام فشاری دیپلۆماسی دەخاتە سەر ئەبوزەبی بۆ ئەوەی هێزەکانی ئەنجوومەنی ئینتقالی ناچار بە پاشەکشە بکات.

عەبدولخالق عەبدوڵڵا، شارەزایەکی سیاسیی ئیماراتی، بەرگریی ئیمارات لە ئەنجوومەنی ئینتقالی وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ کەسایەتی ئیمارات وێنا دەکات. ئەو لە پلاتفۆرمی 'ئیکس' نووسیویەتی "ئیمارات هاوپەیمانەکانی بێهیوا ناکات و لە ناوەڕاستی ڕێگەدا بەجێیان ناهێڵێت تاکوو بە تەنیا ڕووبەڕووی چارەنووسی خۆیان ببنەوە. سیاسەت و هەنگاوەکانی ئیمارات ڕوونن؛ لە ڕووبەڕووبوونەوە ڕاناکات و خۆی نادزێتەوە. دیدێکی ڕوونی هەیە بۆ بەرپرسیارییەتییە نیشتمانی و مرۆییەکەی."

گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات ساڵانێکە کەڵەکە بوون. ئەم کردەوانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە دۆخەکە دەچێتە قۆناغێکی مەترسیداری تایبەتەوە. ئەم پەرەسەندنە هەروەها هاوشێوەییەکی نیگەرانکەر دەهێنێتەوە یاد لەگەڵ قەیرانی کەنداوی ساڵی 2017 کە قەتەریش تێیدا بەشدار بوو، کاتێک سعوودیە و ئیمارات پێکەوە پەیوەندیی دیپلۆماسییان لەگەڵ قەتەر پچڕاند و ئەوەش پەیوەندییە هەرێمییەکانی بۆ ماوەی چەندین ساڵ ناسەقامگیر کرد.

خاڵی گرنگ ئەوەیە، تا ئێستا حکوومەتەکانی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا، لە یەمەن پشتیوانیی سیاسەت و بۆچوونەکانی سعوودیە و دەکەن لەگەڵ مانەوەی یەمەنێکی یەکگرتوودان.