عێراق.. مەرجی چەککردنی گرووپە چەکدارەکان ئاستەنگ دەخاتە بەردەم پێکهێنانی حکوومەت

سەرەڕای ئەوەی بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان ئامادەییان بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە نیشان داوە، بەڵام ناکۆکییەکان هێشتا بەردەوامن. کەتائیبی حزبوڵڵا ڕەتی دەکاتەوە دەسەڵاتی دادوەری دەستوەردان بکات، لە بەرانبەردا بزووتنەوەی عەسائیب جەخت لە هەڵوێستی خۆی بۆ پشتیوانیکردن لە دەوڵەت دەکاتەوە.

ماوەی چەند مانگێکە ئەمەریکا گوشارێکی توندی خستووەتە سەر حکوومەتی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە ڕۆڵی گرووپە چەکدارەکان و هەڵوەشاندنەوەیان و کۆنترۆڵکردنی چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت. ئەمەریکا مەرجی ئەوەی داناوە کە ئەو گرووپانە نابێت بەشداری لە حکوومەتی نوێدا بکەن، بە تایبەتی دوای ئەوەی لە دواین هەڵبژاردندا ژمارەیەکی بەرچاو لە کورسییەکانی پەرلەمانیان بەدەست هێنا.

لە کاتێکدا کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی داوا لە سەرکردە سەربازییەکان و دادوەران دەکات "خۆیان لە ململانێ و کێشمەکێشە سیاسییەکان تێوە نەگلێنن"، ناکۆکیی نێوان گرووپە چەکدارەکان سەبارەت بە داماڵینی چەکەکانیان هێشتا بەردەوامە.

 

پەیامی تاران بۆ بەغدا لە دۆخێکی هەستیاردا

سەرەڕای ئەوەی ئێران هیچ هەڵوێستێکی فەرمی یان ڕاگەیەنراوێکی ئاشکرای سەبارەت بە میکانیزمی مشتومڕهەڵگری چەککردنی ئەو گرووپانە دەرنەکردووە، بەڵام ڕۆژی سێشەممە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، نامەیەکی لە عەباس عراقچی، هاوتا ئێرانییەکەیەوە پێگەیشت کە تێیدا باس لە "پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق" کراوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوە، فوئاد حوسێن لە بەغدا پێشوازی لە محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە و پەیامە نووسراوەکەی عەباس عراقچی وەرگرتووە. 

لە پەیامەکەدا تێڕوانینی تاران سەبارەت بە پرسە نێودەوڵەتییەکان و دۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە خراوەتە ڕوو، هەروەها ئاماژە بە "پەرەسەندنەکانی دۆخی سیاسیی عێراق لە قۆناغی دوای هەڵبژاردنەکان و هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکوومەت" کراوە، بە ئامانجی پشتگیریکردن لە سەقامگیری و پرۆسەی سیاسی.

گوشارەکان و هەوڵی گرووپەکان بۆ کات کوشتن

لە کاتێکدا لایەنە عێراقییەکان سەرقاڵی دانوستانن بۆ پێکهێنانی حکوومەت و یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتییەکان، گوشارەکانی ئەمەریکا بۆ چەککردنی گرووپەکان بەردەوامە.

هەرچەندە حکوومەتەکەی محەممەد شیاع سودانی ئێستا بووەتە حکوومەتێکی کاربەڕێکەر و توانای دەرکردنی بڕیاری پابەندکەری بۆ قۆناغی داهاتوو نییە، بەڵام بەشێک لە هێزە چەکدارەکان کە دەستیا کردووە بە "تێگەیشتن لە گوشارەکانی ئەمەریکا"، هەوڵی دواخستن و کات کوشتن دەدەن.

بە پێی زانیارییەکان ئەم گرووپانە هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی دواخستنی پرسی چەکەوە، زۆرترین دەسەڵات و نفووز لە کابینەی نوێدا مسۆگەر بکەن.

بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، گرووپە چەکدارەکان وەک "عەسائیبی ئەهلی حەق" و لایەنە نزیکەکانیان توانیویانە ژمارەی کورسییەکانیان زیاد بکەن، بە جۆرێک ئێستا خاوەنی نزیکەی 80 کورسین لە کۆی 329 کورسیی پەرلەمان.

 

کۆنترۆڵکردنی چەکی گرووپەکان

فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، پێشتر داوای لە گرووپەکان کردبوو چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن. لە کاتێکدا گرووپەکانی وەک "کەتائیبی حزبوڵڵا" و "نوجەبا" ئەم داوایەیان ڕەتکردبووەوە و بە دەستوەردانی دادوەران لە سیاسەت ناوزەندیان کرد، بەشێکی دیکە لە گرووپەکان ڕەزامەندییان نیشان داوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی لەنێوانیاندا.

سیاسەتمەدارێکی نزیک لە گرووپە چەکدارەکان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ڕۆژنامەی "الشرق الأوسط"ـی ڕاگەیاند: "ناڕوونییەک لە پرسی چەکدا هەیە، هەندێک لایەن پێیان وایە مەبەست لە قۆناغی ئێستا 'کۆنترۆڵکردن و پاوانی چەک'ـە (حصر السلاح) نەک ڕادەستکردنی".


ئەو سیاسەتمەدارە ڕوونی کردەوە، کە کۆنترۆڵکردن بە واتای ئاشکراکردن و تۆمارکردنی جۆر و بڕی چەکی سووک و قورس و کۆگاکانیان دێت بەپێی ڕێککەوتنێکی ڕوون، دواتر لە کاتێکی گونجاودا میکانیزمێک بۆ داماڵین و ڕادەستکردنیان بە دەوڵەت دادەنرێت.

بە بڕوای ئەو سیاسەتمەدارە، ئەم پرۆسەیە کاتی پێویستە و بەستراوەتەوە بە پێکهێنانی حکوومەتی نوێ و کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە کۆتایی ئەمساڵدا، چونکە بە گوێرەی تێڕوانینی ئەو گرووپانە، "کاتێک داگیرکاری نەما، دەکرێت چەکەکان ڕادەست بکرێن".

هەڵوێستی عەسائیب و مقاوەمەی ئیسلامی

سەرەڕای ئەوەی بەرەیەک بە ناوی "مقاوەمەی ئیسلامی" لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕەتیکردبووەوە کە چەکەکانیان ڕادەست بکەن یان کۆنترۆڵ بکرێت تا ئەو کاتەی ئەمەریکا لە عێراق دەچێتە دەرەوە، بەڵام بزووتنەوەی "عەسائیبی ئەهلی حەق" ئاگاداریی خۆی لەو ڕاگەیەنراوەی مقاوەمە ڕەت کردەوە و جەختی کردەوە کە هەڵوێستی ئەوان لە ساڵی 2017ـەوە ڕوونە و پشتیوانی لە کۆنترۆڵکردنی چەک لە لایەن دەوڵەتەوە دەکەن.

عەسائیب لە ڕاگەیەنراوێکدا لە ئێوارەی دوێنێ ڕایگەیاندبوو: "پێویستە پشتیوانی لە بونیادنانی دەوڵەت و چەسپاندنی سیستەمی دەستووری بکرێت و ئەولەویەت بەو یاسایانە بدرێت کە توانای هێزە چەکدارەکان و مافی کارمەندانیان دەپارێزن، بە تایبەتی دەستەی حەشدی شەعبی".

هەروەها داوای پاراستنی سەروەریی نیشتمانی و ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە بوونێکی سەربازیی بیانی کردبووەوە. دووپاتیشی کردبووەوە، کە لە ساڵی 2017ـەوە بڕوایان بەوەیە دەبێت چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت، ئەوەش بەپێی دەستوور و ڕێنماییەکانی مەرجەعییەت و بە ویستێکی عێراقیی دوور لە دەستێوەردانی بیانی.