ئەمەریکا: نەوتی ڤەنزوێلا دەفرۆشین و دەسەڵات دەگۆڕین
ئیدارەی ئەمەریکا لە ڕێگەی وەزیرانی دەرەوە و وزە و گوتەبێژی کۆشکی سپییەوە، نەخشەڕێگایەکی سێ قۆناغی بۆ یەکلاکردنەوەی دۆخی ڤەنزوێلا ڕادەگەیەنێت، کە تێیدا واشنتن ڕاستەوخۆ دەست بەسەر کەرتی نەوت و داهاتی ئەو وڵاتەدا دەگرێت و پرۆسەی گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی دەستپێدەکات، هاوکات بەگوێرەی میدیاکان وەزارەتی وزەی ئەمەریکا دەستی بە فرۆشتی نەوتی ڤەنزوێلا کردووە.
چوارشەممە 7ـی کانوونی دووەمی 2026، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئاشکرای کرد کە ئەمەریکا پرۆسەیەکی سێ قۆناغی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ڤەنزوێلا دەستپێکردووە، ئەوانیش لەم قۆناغەدا دەست بەسەر 30 بۆ 50 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڤەنزوێلادا دەگرن و لە بازاڕەکانی جیهاندا بە نرخی ڕۆژ دەیفرۆشن. ئەمەریکا خۆی سەرپەرشتی دابەشکردنی داهاتەکەی دەکات بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە پارەکە بۆ خەڵکی ڤەنزوێلا دەبێت نەک بۆ ڕژێمە گەندەڵەکە. ڕۆبیۆ ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهۆی سزاکانەوە ڤەنزوێلا ناتوانێت نەوتەکەی بفرۆشێت و کەشتییەکانیان دەستیان بەسەردا گیراوە.
لەبارەی قۆناغی دووەمەوە گوتی: دڵنیایی دەدرێت کە کۆمپانیا ئەمەریکی و ڕۆژئاواییەکان دەتوانن بچنە ناو بازاڕەکانی ڤەنزوێلاوە. هەروەها کار بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی و ئازادکردنی زیندانیانی ئۆپۆزسیۆن دەکرێت.
مارکۆ ڕوبیۆ گوتیشی: لە قۆناغی سێیەم بریتی دەبێت لە گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی لەو وڵاتەدا.
هاوکات گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ئێستا هیچ هێزێکی سەربازیی ئەمەریکا لەسەر زەوی لە ڤەنزوێلا نییە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، مافی ئەوەی هەیە ئەگەر پێویست بکات هێزی سەربازی بەکاربهێنێت، هەرچەندە دیپلۆماسیەت بژاردەی یەکەمە. گوتەبێژەکە نیکۆلاس مادورۆی بە دیکتاتۆرێکی ناشەرعی وەسف کرد و ڕایگەیاند کە ئێستا مادورۆ لە زیندانێکی نیویۆرکدایە.
هەروەها کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمەریکا لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی وزەی گۆڵدمان ساکس، ستراتیژی نوێی ئیدارەی ئەمەریکای بەرانبەر بە ڤەنزوێلا ئاشکرا کرد کە خۆی لە کۆنتڕۆڵکردنی فرۆشتن و داهاتی نەوتی ئەو وڵاتەدا دەبینێتەوە.
ڕایت ڕایگەیاند، ڤەنزوێلا ئێستا تەنیا دوو سەرچاوەی داهاتی هەیە: فرۆشتنی نەوت و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر. ئامانجی سەرەکی ئەمەریکا ئەوەیە داهاتی ماددە هۆشبەرەکان بە تەواوی ببڕێت، لە بەرانبەردا داهاتی نەوت زیاد بکات بەڵام بە مەرجی تایبەت.
وەزیری وزە ئاماژەی بەوە کرد کە لەبری بەردەوامبوونی گەمارۆی نەوتی کە ئێستا هەیە، سیستمێکی نوێ پەیڕەو دەکەن، کە ڕێگە دەدەین نەوتەکە بڕوات و بە پاڵاوگەکانی ئەمەریکا و بازاڕەکانی جیهانی دەفرۆشرێت، بەڵام پرۆسەی فرۆشتنەکە لەلایەن حکوومەتی ئەمەریکاوە ئەنجام دەدرێت.
کریس ڕایت بە ڕوونی گوتی: پارەی نەوتەکە دەخرێتە سەر ئەو هەژمارە بانکییانەی کە لەلایەن حکوومەتی ئەمەریکاوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن. گوتیشی: پارەکە بۆ خەڵکی ڤەنزوێلا خەرج دەکرێتەوە، نەک بۆ گەندەڵی و ئەو گرووپە تاوانکارییەی کە وڵاتەکە بەڕێوە دەبەن.
بە گوتی وەزیرەکە، ئەم پلانە چەند ئامانجێکی هەیە، ئەوانیش، دەرهێنانی ڤەنزوێلا لەژێر دەستی باندە تاوانکارییەکان و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر، سوودگەیاندن بە بازاڕی وزەی جیهانی و ئابووری ئەمەریکا و ڕەخساندنی زەمینەیەک بۆ گەڕانەوەی ئەو 8 ملیۆن هاوڵاتییە ڤەنزوێلییەی کە وڵاتەکەیان جێهێشتووە.
هاوکات میدیاکانی ئەمەریکا لە زاری وەزارەتی وزەی وڵاتەکەیان بڵاویان کردەوەتەوە، پرۆسەی بەبازاڕکردنی نەوتی ڤەنزوێلا لەسەر ئاستی جیهان بۆ بەرژەوەندیی ڤەنزوێلا، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دەستی پێکردووە.