ئیسرائیل ئیدانەی هێرشی هێزەکانی سووریا بۆ سەر کوردانی حەلەب دەکات
حکوومەتی سووریا: پاراستنی کورد وەک هەر هاووڵاتییەکی دیکە ئەرکێکی نیشتمانییە
گرژییەکانی ئەم چەند ڕۆژەی دوایی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی شاری حەلەب لە نێوان سوپای سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، کاردانەوەی توندی ئیسرائیلی لێکەوتەوە و حکوومەتی دیمەشقیش بە خێرایی وەڵامی دایەوە.
بەگوێرەی هەواڵێکی سی ئێن ئێن، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشانەی کرد کە دەکرێنە سەر کوردەکانی حەلەب و بە "مەترسیدار" وەسفی کرد.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل گوتیشی: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕۆژئاوا "قەرزێکی ئەخلاقییان" لەسەرە بەرامبەر بە کوردەکان بەهۆی ڕۆڵیان لە تێکشکاندنی داعشدا، ئەو هۆشداریشی دا، بێدەنگیی جیهان دەبێتە هۆی زیادکردنی توندوتیژییەکانی حکوومەتی سووریا، کە پێچەوانەی ئەو بەڵێنانەیە بۆ سووریای نوێ دراون.
لە بەرامبەردا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، حکوومەتی سووریا لە ڕێگەی ئاژانسی فەرمیی وڵاتەکەیەوە وەڵامی دایەوە و ڕەتی کردەوە کە هیچ پێکهاتەیەکی دیاریکراو بە ئامانج گیرابێت.
حکوومەتی سووریا ئاماژەی بەوە کرد، لە ڕاگەیەندراوی هەسەدە هاتووە، "هێزی سەربازییان لە حەلەب نییە"، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی بەرپرسیارێتیی ئەمنیی شارەکە تەنیا لە ئەستۆی دەوڵەتی سووریادایە.
دیمەشق بانگەشەی ئەوە دەکات کە هاووڵاتییانی کورد، بەهۆی متمانەیان بە دەوڵەت، لەو ناوچانەی گرژییان تێدایە هەڵاتوون بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەت، نەک بەپێچەوانەوە، جەختیشی کردەوە، پاراستنی کورد وەک هەر هاووڵاتییەکی دیکە "ئەرکێکی نیشتمانییە".
گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، دەکەونە بەشی باکووری شاری حەلەب و بە تاکە ناوچەی ئەو شارە دادەنرێن کە لەژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی سوپای سوریادا نین. ئەم دوو گەڕەکە کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن، لەلایەن ئیدارەی خۆسەر و هێزەکانی ئاسایشەوە بەڕێوەدەبرێن.
ئەوەی لە 7ـی کانوونی دووەمی 2026 ڕوویدا، گۆڕانکارییەکی مەترسیدارە لە سیاسەتی دیمەشق. ڕاگەیاندنی ناوچەکە وەک "ناوچەی سەربازی" و داخستنی تەواوەتی دەروازەکان، ئاماژەیە بۆ ئەوەی حکوومەتی سووریا دەیەوێت کۆتایی بە دۆخی نیمچە سەربەخۆیی ئەم دوو گەڕەکە بهێنێت و بە تەواوی هەژموونی خۆی بەسەر شاری حەلەبدا بسەپێنێتەوە.